Muhammed Yusuf
12 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2022
ئیستانبوڵ - AA
بەرزبوونەوەی فشاری خوێن یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکانی جیهان کە پەیوەستە بە چەند هۆکارێکەوە و پێویستی بە چاودێریکردنی بەردەوام و وەرگرتنی دەرمانی پێویست و زانینی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتەکانی بەرزبوونەوەی لەناکاوی فشاری خوێن هەیە.
بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشانی نێودەوڵەتیی و پزیشکی پسپۆڕی منداڵان لە نەخۆشخانەی میدیکاڵ پوینت لە پارێزگای ئیزمیر خۆرئاوای تورکیا، دکتۆر موختار فاتیح بەی دیلی لە رێگەی ئاژانسی ئانادۆڵوەوە ئامۆژگاری سەبارەت بە بەرزبوونەوەی فشاری خوێن خستەڕوو.
موختار فاتیح بەی دیلی رایگەیاند: "رەنگە کەسانێک لەناکاو تووشی بەرزبوونەوە یان دابەزینی فشاری خوێن ببن، بەزۆری دابەزینی فشار لە ئەنجامی پاڵەپەستۆی دەروونی، کەمخەوی، تووشبوون بە نەخۆشی، کێشەی تەندروستی دڵ یان لە کاتی دووگیانیدا بۆ خانمان و وشکبوونەوەی لەش یان خوێنبەربوون و بەدخۆراکی روو دەدات".
ئەو پزیشکە پسپۆڕە جەخت لە پێویستی چاودێری پزیشکی دەکاتەوە و ئاشکرای دەکات کە دواخستنی چارەسەرکردن رەنگە ببێتە هۆی هەندێک ئاڵۆزی مەترسیدار بۆ نەخۆشەکە وەک مەیینی خوێن یان جەڵتەی دڵ.
فاتیح بەی دێلی لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "سەبارەت بە بەرزبوونەوەی لەناکاو فشاری خوێن، دواکەوتنی کۆنتڕۆڵکردنی دەبێتە هۆی ئاڵۆزیی جددی کە مەترسی لەسەر ژیان دروست دەکات، بۆیە ئامۆژگای دەکرێت لە ماڵەوە بە بەردەوام چاودێری فشاری خوێن بکرێت".
لێرەدا چەند ئامۆژگارییەک کە لەلایەن بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشانی نێودەوڵەتیی و پزیشکی پسپۆڕی منداڵان لە نەخۆشخانەی میدیکاڵ پوینت لە ئیزمیر، دکتۆر موختار فاتیح بەی دێلی بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرزبوونەوەی فشاری خوێن پێشکەش کراوە، دەخەینەڕوو:
١- پەیڕەوکردنی سیستەمی خوراکیی تەندروست:
پێویستە سیستەمی خوراکیی تەندروست پەیڕەو بکرێت کە سوود بەخش دەبێت بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، وەک رێجیمی دەریای سپی ناوەڕاست ئەمەش بە زیادکردنی زەیتی زەیتون، تۆوی کەتان، بەرهەمە دەریاییەکان، دانەوێڵە ، سەوزە و میوە، بەرهەمە شیرەمەنییەکانی کەم چەوری و کەمکردنەوەی چەورییە تێرەکان و کۆلیسترۆڵ.
پۆتاسیۆم بە کانزایەکی گرنگ دادەنرێت کە یارمەتی دابەزاندنی فشاری خوێن دەدات، دیارترین ئەو خۆراکانەی کە پۆتاسیۆمیان تێدایە بریتین لە پەتاتەی شیرین، پرتەقاڵ و ئەڤۆگادۆ و تۆو.
٢- وەرزشکردنی رۆژانە:
وەرزشکردنی رۆژانە بە چەند یارییەکی دیارییکراو بەپێی تەمەن و لە سنوورێکی گونجاودا یارمەتیدەر دەبێت بۆ دابەزاندنی فشاری خوێن، هەروەها وەرزشکردن نابێت ببێتە هۆی زیادبوونی لێدانی ترپەی دڵ لەو رێژەیەی کە لەلایەن پزیشکەوە دیاریی دەکرێت.
٣- وازهێنان لە جگەرەکێشان:
جگەرەکێشان لە هەندێک کەسدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، ئەمش بەهۆی ئەوەی جگەرە نیکۆتین و ماددە کیمیاییەکانی تێدایە کە زیان بە لوولەکانی خوێن دەگەیەنێت، بۆیە ئامۆژگایی واز لە جگەرەکێشان دەکرێت.
٤- کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خوێ لە خواردندا:
خواردنی خوێ لە خۆراکی رۆژانەدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و کەمکردنەوەی خوێ دەبێتە هۆی دابەزینی فشاری خوێن بە نزیکەی ٥ بۆ ٦ پلە.
٥- پشوودان و نووستنی باش لە شەوان:
لەپێناو پاراستنی تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان ئامۆژگاریی دەکرێت لە نووستنی پێویست، چونکە کەمتر لە شەش کاتژمێر نووستن لە شەودا دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.
٦- دوورکەوتنەوە لە فشار و دڵەڕاوکێ:
ئامۆژگاری دەکرێت بەدوورکەوتنەوە لەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی فشار و دڵەڕاوکێی دەروونی، چونکە لە درێژمەودا دەبنە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.
٧- دوورکەوتنەوە لە خواردنی کافاین و کهول:
کافاین دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی فشاری خوێن، بۆیە وا باشترە کافاین سنووردار بکرێت ئەمەش دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە بەرزبوونەوەی لەناکاوی فشاری خوێن.
٨- خواردنەوەکانی یارمەتیدەرن بۆ چارەسەری بەرزی پەستانی خوێن
هەندێک خواردنەوە یارمەتیدەرن لە کەمکردنەوەی بەرزی فشاری خوێن، بەڵام بەتەنها یارمەتیدەر نین بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە، بۆیە دەبێت بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە دەرمانەکان ببەستیت و ئەم خواردنەوانە وەک یارمەتیدەرێک لە چارەسەرکردندا بخۆیتەوە.
- گرنگترین ئەو خواردنەوانەی کە بۆ تەندروستی مرۆڤ بە گشتی و دڵ بە تایبەتی باشن، بریتین لە:
تەماتە: رۆژانە خواردنەوەی یەک کوپ لە ئاوی تەماتە رەنگە تەندروستی دڵ باش بکات و فشاری خوێن رێک بخات و یارمەتی کۆنترۆڵکردنی کۆلیسترۆڵی خراپ بدات.
توو: بە تایبەتمەندی دژە ئۆکسان ناسراوە کە یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی نەخۆشییەکانی هەوکردن، هەروەها چەندین سوودی هەیە بۆ دڵ و خوێنبەرەکان هەیە.
ئاڵوباڵوو: شەربەتی ئاڵوباڵوو وەک شلکەرەوەیەکی سرووشتی ناسراوە، هەروەها یارمەتیدەرە لە دابەزاندنی فشاری خوێنیش.
هەنار: لە هەناردا چەند پێکهاتەی خۆراکی تێدایە وەک فۆلیک ئەسید و ڤیتامین سی، هەروەها بە کاریگەری بەهێزی لە دژی هەوکردن و بەهێزکردنی تەندروستی دڵ دەناسرێتەوە.
چەوەندەر: فشاری خوێن دادەبەزێنێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی رێژەیەک لە نیتراتی تێدایە.