جيهان, تەندروستی, کۆڤید- ١٩

هیندستان.. بەردەوامی هەڵکشانی حاڵەتەکانی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا

پاش ئەوەی دوێنێ هیندستان بەرزترین حاڵەتی تووشبوونی رۆژانەی بە پەتای کۆرۆنا تۆمارکرد لەسەر ئاستی جیهان، ئەمڕۆش حاڵەتەکانی توشبوون بەو پەتایە تیایدا گەیشتە بەرزترین ئاست کە تا ئێستا لە جیهاندا تۆمار کراوە.

Emre Aytekin  | 23.04.2021 - نوێکردنەوە : 23.04.2021
هیندستان.. بەردەوامی هەڵکشانی حاڵەتەکانی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا

Ankara

ئەنقەرە - AA

لە هیندستان کە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەریی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی لەسەرە، هەڵکشانی حاڵەتەکانی توشبوونی رۆژانە بەو پەتایە بەردەوامە.

بەپێی راگەیەندراوێک کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی هیندستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، زیاتر لە ٣٣٢ هەزار و ٥١٨ حاڵەتی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە و، تێکڕای ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە ١٦ ملیۆن و ٢٥٧ هەزار و ٥٠٧ کەس.

پاش ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە لە هیندستان بەرزترین حاڵەتی تووشبوونی رۆژانەی بە پەتای کۆرۆنا تۆمارکرد لەسەر ئاستی جیهان، ئەمڕۆش حاڵەتەکانی توشبوون بەو پەتایە تیایدا گەیشتە بەرزترین ئاست کە تا ئێستا لە جیهاندا تۆمار کراوە.

بەرزترین ژمارەی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە هیندستان لە ویلایەتەکانی ماهاراشترا، ئوتار پرادێش، دەلهی و کارناتاکا تۆمارکراوە.

لە ماوەی یەک رۆژی رابردوودا، دوو هەزار و ٢٦٣ کەس لەو وڵاتە بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، کە ئەوەیش بەرزترین ئاستی گیانلەدەستدانە بەو پەتایە لە رۆژێکدا لە سەرهەڵدانی پەتاکەوە تا ئێستا لەو وڵاتە.

کۆی ژمارەی ئەوکەسانەی بە پەتای کۆرۆنا لە هیندستان گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ١٨٦ هەزار و ٩٢٠ کەس.

هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی لە دوای تووشبوونیان بە پەتاکە چاکبوونەتەوە گەیشتووەتە ١٣ ملیۆن و ٦٤٨ هەزار و ١٥٩ کەس و، چارەسەرکردنی دوو ملیۆن و ٤٢٨ هەزار و ٦١٦ تووشبووی دیکە درێژەی هەیە.

لە دووی نیسانەوە تا ئێستا، هیندستان لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین حاڵەتی تووشبوونی رۆژانە بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمار دەکات.

هیندستان کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١،٤ ملیار کەسە، کەمپینێکی بەرفراوان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەڕێوەدەبات.

لەو بارەیەوە، وەزارەتی تەندروستیی هیندستان بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەوکەسانەی دژ بەو پەتایە ڤاکسینیان وەرگرتووە گەیشتووەتە ١٣٥ ملیۆن و ٤٧٨ هەزار و ٤٢٠ کەس.

هاوکات بەپێی ماڵپەڕی"Ourworldindata.org" کە زانیارییەکانی پشت بە ئاماری وەرگرتنی ڤاکسین دەبەستێت دژبە پەتاکە، هیندستان لە دوای ئەمریکا و چین لە ریزبەندی سێیەمدایە لە رووی وەرگرتنی ڤاکسینی دژبە کۆرۆنا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın