Gökhan Kavak
29 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2023
ئیستانبوڵ - AA
سندوقی منداڵان سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (Unicef)، هۆشداری دا لەوەی کە پەتای کۆلێرا بەخێرایی لە کیشوەری ئەفریقا زیادیکردووە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن رێکخراوەکەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لە پەتای کۆلێرا لە کیشوەری ئەفریقا کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها هۆشداریی دراوە لە خێرا بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوان بە پەتای کۆلێرا و باس لەوە کراوە کە دۆخەکە لە ئاستی ئاگادارییدایە و هاتووە: ''پەتاکە بە تایبەتی لە وڵاتانی رۆژهەڵات و باشووری ئەفریقا بڵاوبووەتەوە و پەتاکە مەترسییە بۆسەر منداڵان''.
ریزبەندی ئەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەریی پەتاکەیان لەسەرە بەم شێوەیە دانراوە: بۆروندی، ئەسیوپیا، کینیا، مالاوی، مۆزەمبیق، سۆماڵ، سوودانی باشوور و تانزانیا.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پەتای کۆلێرا هاوشێوەی هەژاری و شەڕ و پێکدادانەکان و لافاو و زریان بەهۆی هەلومەرجی کەشوهەواوە خێراتر بڵاودەبێتەوە.
کۆلێرا کە بەهۆی بەکتریای "ڤیبریۆ"ەوە دروست دەبێت لەڕێگەی خۆراک و ئاوەوە دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی سکچوونی توند و وشکبوونەوەی جەستە کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت کوشندە دەبێت.