Rewa Mahmood Hasan
24 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2020
سلێمانی-AA
دوای ئەوەی رۆژی رابردوو حەوت حاڵەتی نوێ لە شاری دەربەندیخان تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمار کران، ئەمڕۆ بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی د. سەباح نەسڕەدین سەردانی شارەکەی کرد و لە نزیکەوە لە رەوشی تەندروستی دەربەندیخانی کۆڵییەوە.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرێوەری تەندروستی دەربەندیخان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەیی رێکخست و ئامانجی سەردانەکەی بۆ میدیاکاران خستە ڕوو.
سەرەتا د. سەباح گوتی: "ئێمە هاتووین لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دەربەندیخان کۆبوونەوەمان کرد،تاکو رێوشوێنی زۆر پێویست و ورد بگرینەبەر تاکو بزانین چۆن دەتوانین دۆخەکە چارەسەر بکەین."
لەدرێژەی قسەکانیدا د. سەباح گوتی: "دوای ئەوەی کەسانی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە دەربەندیخان دەستنیشان کران، ئەو حاڵەتانە نیشانەی مەترسیدار دەدەن بەئێمە، چونکە ئەو کەسانەی توشبووی ڤایرۆسەکەن، کەسانێکی کۆمەڵایەتین و تێکەڵاویەکی زۆریان هەبووە لەگەڵ خەڵکی دەربەندیخاندا، بەداخەوە نەئەوان رێنماییە تەندروستیەکانیان جێبەجێ کردووە، نەخەڵکی دەربەندیخانیش پابەندبوون بەرێنماییەکانەوە، ئەمە وا دەکات دۆخێکی خراپ لە شاری دەربەندیخان رووبدات، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک تووشی ڤایرۆسەکە ببێت. "
لەبەشێکی تری قسەکانیدا د. سەباح ئاماژەی بەوەدا کە دەربەندیخان پێویستە لە ئێستادا لەهەموو شارو شارۆچکەکان زیاتر پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە و گوتی: " دەربەندیخان وەک کەرەنتینەیەک ناوزەد دەکرێت، چونکە توشبووەکە بەرکەوتەی لەگەڵ خەڵکێکی زۆردا هەبووە، هیوادارین بتوانین بەزووترین کات دۆخەکە چارەسەر بکەین. بۆیە داوا دەکەم لە خەڵکی دەربەندیخان پابەندی رێنماییەکان بن، ئەگەرنا دۆخی شارەکە بەرەو خراپتر دەڕوات."
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی د. سەباح ئاماژەی بەوەدا کە لەئێستادا ئەوەندەی بتوانن پشکنین بۆ ئەو کەسانەی دەربەندیخان دەکەن کە بەرکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ توشبووەکەی ئەو شارەدا هەبووە، بەڵام لەوە دەچێت قۆناغێک بێتە پێشەوە نەتوانین پشکنین بۆ هەموو کەسێک بکەین، هەموو کەس لەماڵەوە دادەنێین تەنیا ئەوانە دەبەینە نەخۆشخانە کە باری تەندروستییان ناجێگیر دەبێت.
لەبەشێکی تری قسەکانیدا د.سەباح پێشبینی ئەوەی کرد کە ژمارەی توشبووان لە دەربەندیخان زیاتر بێت، ئەگەر بێت و دانیشتوانی ئەو شارە پابەند نەبن بە رێنماییەکانەوە، ئەوا ژمارەکە دەبێت بە ١٠٠ هێندە و وای لێدێت هیچ ماڵێک نابێت لە شارەکە توشبووی بە ڤایرۆسەکەی نەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا کە لەئەگەری بڵاو بوونەوەی پەتا جیهانییەکە لە دەربەندیخان، بەشێکیان لەماڵەکانیاندا دەهێڵرێنەوە، هەندێکی تریان رەوانەی نەخۆشخانەی دەربەندیخان دەکرێن و ئەوانەشی کە باری تەندروستییان ناجێگیر دەبێت رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی بکرێن.
لەوەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵودا سەبارەت بە سەرچاوەی سەرەکی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ ئەو توشبووەی دەربەندیخان، د.سەباح نەسرەدین گوتی: " ئەو کەسە لەیەکێک لە وڵاتانی ئەورووپاوە گەڕاوەتەوە، ئەو کاتەی ئەو گەڕاوەتەوە، بڕیاری کەرەنتینە کردن نەبووە بۆ ئەوانەی لە ئەورووپا دەگەڕێنەوە، بۆیە لەوێوە هاتووەتەوە، بەڵام پابەند نەبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە، ئێمە لەکانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە داوا لەخەڵک دەکەین پابەند بن بە رێنماییە تەندروستیەکانەوە، تێکەڵاوی مەکەن، تەوقە مەکەن، یەکتر ماچ مەکەن، بەڵام بەداخەوە خەڵک رێنماییەکانیان بەهەند وەرنەگرتووە، بۆیە ئەمە ئەنجامەکەی بووە."