Rewa Mahmood Hasan
27 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2020
سلێمانی - AA
بڕیارە لەمیانی ١٥ رۆژدا، نەخۆشخانەیەکی ٣٠ قەڕەلەوێڵەیی لە شاری سلێمانی تایبەت بە نەخۆشی کۆرۆنا دروست بکرێت.
دوای ئەوەی لە ئێران و چەند شارێکی عێراق ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ بڵاوبووەوە، ئامادەکاریەکای هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی بەردەوامی هەیە بۆ خۆپارێزی لەو نەخۆشییە.
لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی پاریزگای سلێمانی بڕیار درا بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ٣٠ قەرەوێڵەیی تایبەت بە تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی، هەرچەندە تا ئێستا هیچ حاڵەتێک لە پارێزگاکەدا تۆمار نەکراوە.
نەخۆشخانەکە خۆی لە دوو بینادا دەبینێتەوە لەسەر رووبەڕووی دوو هەزار مەترچوارگۆشە، کە لەنێو نەخۆشخانەی شۆڕش-دا دروست دەکرێت.
لە پرۆژەکەدا کە لەسەر بوودجەی چەند خێرخوازێکی سلێمانی دروست دەکرێت، دوو بینا لەخۆدەگرێت، یەکێکیان تایبەتە بەو نەخۆشانەی کە تووشی نەخۆشییەک دەبن لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە سلێمانی، بینایەکی تر کە پێکدێت لە عەزل (دابڕێنراو)، هەردووکیان بە رێڕەوێک بەیەکەوە دەبەسترێنەوە و چەندین سیستەمی پێشکەوتووی تیادا دابین دەکرێت.
بیناکە لە ١٠ رۆژدا تەواو دەبێت و کاری وردەکاری و دانانی ئامێرەکان بە پێنج رۆژ تەواو دەکرێت، یەکەمجار بۆ ٣٠ قەرەوێڵەیە، دواتر دەتوانرێت بکرێتە ١٠٠ قەڕەوێڵە.