Ömer Faruk Yıldız
08 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2022
جنێڤ - AA
وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی، رەزامەندییان لەسەر ئامادەکردنی رەشنووسی یەکەم رێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی باشتر پاراستنی جیهان لە بەرامبەر ئەو پەتا جیهانییانەی کە دەشێت لە دوای کۆرۆنا بڵاوببنەوە، دەربڕی.
لە کۆتا رۆژی سێیەم کۆبوونەوەی یەکەی دانوستانی نێوان حکوومەتەکان کە لە بارەگای رێکخراوەکە لە شاری جنێڤ بەڕێوەچوو، وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی، گفتوگۆیان لەسەر بابەتی رەشنووسی رێککەوتننامەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی پەتا جیهانییەکان، ئەنجام دا.
دوای کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە و تیایدا ئەوە خرایەڕوو کە زۆرینەی وڵاتانی ئەندام، هاوڕابوون لەسەر دەستپێکردنی قۆناغی ئامادەکردنی رەشنووسی رێککەوتننامەکە.
لای خۆشییەوە هاوسەرۆکی یەکەی دانوستانی نێوان حکوومەتەکان، رۆلاند دریس ئەوەی خستەڕوو کە لەڕێی ئەم رێککەوتنەوە وڵاتانی ئەندام، باشتر دەتوانن خۆیان بۆ پەتاکانی ئایندە ئامادە بکەن، وانە لە هەڵەکانی سەردەمی پەتای کۆرۆنا وەربگرن و بەهەماهەنگییەکی زیاترەوە مامەڵە بکەن.
- لە شوباتی ٢٠٢٣دا گفتوگۆ لەسەر ناوەڕۆکی رەشنووسەکە دەکرێت
هاوسەرۆکی یەکەی دانوستانی نێوان حکوومەتەکان، رۆلاند دریس ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ بڕیارەکەدا، قۆناغی ئامادەکردنی رەشنووسەکە دەست پێ دەکات و لە کۆبوونەوەی چوارەم لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٣دا، دەست دەکرێت بە گفتوگۆکردن لەسەر بەندەکانی رەشنووسی رێککەوتننامەکە.
پێشتریش لە کۆبوونەوەی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ی دەستەی گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانییدا، بڕیار لەسەر ئەوە درابوو کە بۆ پاراستنی جیهان بەشێوەیەکی باشتر لە پەتا جیهانییەکانی دوای کۆرۆنا، رێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی کە بەشێوەیەکی یاسایی هەموو وڵاتانی ئەندام پێکەوە ببەستێتەوە، ئامادە بکرێت.
زۆرێک لە وڵاتانی ئەندام بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازییان لەم بیرۆکەیە کرد، بەشێک لە وڵاتانیش کە ئەمریکا دیارترینیان بوو، بە پاساوی ئەوەی کە پێیانوابوو ئەم کارە سەروەری نیشتیمانییان لەکەدار دەکات "رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی"یان رەتکردەووە.