Muhammet İkbal Arslan
03 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2023
جنێڤ - AA
بهڕێوهبهری گشتیی رێكخراوی تهندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس رایگەیاند کە کەمیی کارمەندانی تەندروستی کێشەیەکی جیهانییە.
پێنجەمین کۆڕبەندی جیهانیی سەرچاوە مرۆییەکان بۆ تەندروستی کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە رێکخرابوو لە شاری جنێڤ دەستی پێ کرد.
تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس لە دەستپێکی کۆڕبەندەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە کارمەندانی تەندروستیی و سیستەمی تەندروستیی لە قۆناغی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا بارگرانییەکی زۆریان لەسەر بووە، گوتیشی: "لەو قۆناغەدا ملیۆنەها کارمەندی تەندروستیی تووشی ڤایرۆسەکە بوون و هەزاران کەسیان گیانیان لەدەستداوە و بەشێکی زۆریشیان بێزاربوون لە زیادکردنی کاتی کارکردنیان".
بهڕێوهبهری گشتیی رێكخراوی تهندروستیی جیهانی تیشکی خستەسەر ئەوەی کە لە میانی پەتاکەدا، هۆکاری سەرەکی پەککەوتنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کەمیی کارمەندانی تەندروستی بوو. کەمیی کارمەندانی تەندروستی کێشەیەکی جیهانییە.
- "ناڕازیبوون لە هەلومەرجی کارکردن لە زیاتر لە ١٦٠ وڵاتدا تۆمارکراوە"
بهڕێوهبهری گشتیی رێكخراوی تهندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتانی هەژار و وڵاتانی پێشکەوتووش لەگەڵ کەمیی کارمەندانی تەندروستیدا دەجەنگن و ئاماژەی بەوە دا کە مەزەندە دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ کەمیی کارمەندان لە کەرتی تەندروستی لە جیهاندا بگاتە ١٠ ملیۆن کارمەند.
تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس بە ئاماژەدان بەوەی کە خەباتی کارمەندانی چاودێریی تەندروستی بەردەوامە و گوتی: "مانگرتنەکان لە ئاستێکی پێوانەییدان. ناڕازیبوون لە هەلومەرجی کارکردن لە زیاتر لە ١٦٠ وڵاتدا تۆمارکراوە. لەبەردەم هەڕەشەیەکی گەورەداین".
بهڕێوهبهری گشتیی رێكخراوی تهندروستیی جیهانی ئەوەشی خستەڕوو کە لەم هەفتەیەدا پەنجە دەخەنە سەر پاراستنی مافەکانی کارمەندانی تەندروستی و باشترکردنی هەلومەرجی کارکردنیان و زیادکردنی وەبەرهێنانی وڵاتان لە بواری تەندروستی و پێکەوە مامەڵەکردن لەسەر ئەو پرسانە.
پێنجەمین کۆڕبەندی جیهانیی سەرچاوە مرۆییەکان بۆ تەندروستی کە تیایدا پسپۆڕانی بوارەکە باس لە کێشە و چالاکییەکانی پەیوەست بە سیستەمی تەندروستی و کارمەندان دەکەن لە پێنجی نیسان کۆتایی دێت.