Rewa Mahmood Hasan
05 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2020
سلێمانی- AA
دوای ئەوەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەسێکی توشبووی کۆرۆنا کە تەمەنی ٦٣ ساڵ بوو گیانی لەدەستدا، دوای پشکنین بۆ کەسوکارەکەی دەرکەوت دوو حاڵەتی تر بوونیان هەیە.
وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردۆتەوەو ئاماژەی بەوەداوە کە لەمیانی بەردەوامی بەرنامەی دۆزینەوەی گۆمانلێکراوان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوو، ئەمڕۆ پشکنین بۆ ٤٥ گۆمانلێکراو ئەنجامدرا کە لە نێویاندا سێ نەخۆش دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی پۆزەتیڤ دەرچوو کە هەڵگری فایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 ەن کە بەداخەوە نەخۆشێکیان تەمەن ٦٣ ساڵ گیانی لەدەستداوە دوای پشکنین بۆ سەرجەم ئەندامانی خانەوادەکە دەرکەوت دوو ئەندامی هەمان خانەوادەی خوالێخۆش بوو هەڵگری هەمان ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 کە تەمانیان ٣١ ساڵ و ٢٧ ساڵە.
بەمەش لە ئێستادا کۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 بریتییە لە هەشت حالەت لە نێویاندا کە یەکێکیان مردووە.
بەپێی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی کە لە کەرەنتینەکانن ٢٥٨٦ هاووڵاتین، لە ٢٧ شوێنی جیاواز لە شارەکانی هەولێر ١٢١٤، سلێمانی ٥٦١، دهۆك ٣٨٢، هەڵەبجە ١٠٣، گەرمیان ١٧٦، ڕاپەڕین ١٣٨، کۆیە ١٢.