تەكنەلۆجيا و زانست

هەرێمى کوردستان دەچێتە سەر نەخشەى جیهانى (EDUCATION FIRST)

- وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، یوسف گۆران: "لەمڕۆ بەدواوە هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر نەخشەی هەڵسەنگاندنی توانستی زمانی ئینگلیزی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی".

Hemn Baban  | 21.05.2019 - نوێکردنەوە : 24.05.2019
هەرێمى کوردستان دەچێتە سەر نەخشەى جیهانى (EDUCATION FIRST)

Arbil

هەولێر - AA

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یوسف گۆران رایگەیاند، لەمەودوا مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان دەتوانن بەشداربن لە تاقیکردنەوەی ستانداردی (Education First).

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاویکردەوە کە یوسف گۆران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ ستافی وەزارەتدا رایگەیاند "ئەم پرۆسەیە لە رێگەی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی توانستی زمانی ئینگلیزی ئەنجام دەدرێت کە لە لایەن دامەزراوەی (Education first) سەرپەرشتی دەکرێت و تاقیکردنەوەکەش بێ بەرامبەرە و لە رێگەی ئۆنلاین و لەناو زانکۆکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت".

لەبارەی گرنگی بەڕێوەچوونی ئەم تاقیکردنەوەیە لە زانکۆکانی کوردستان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتی: "لەمڕۆ بەدواوە ھەرێمی کوردستان دەچێتە سەر نەخشەی ھەڵسەنگاندنی توانستی زمانی ئینگلیزی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمەش لە ڕێگەی بەشداریکردنی مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیانی زانکۆکانی کوردستانە لەو تاقیکردنەوە ستانداردە، بەو پێیەی زمانی ئینگلیزی زمانی زانست و بزنس و زمانی گەیشتنە بە سەرچاوە زانستییە ئاست بەرزەکان و زمانی پەیوەندی و ھەماھەنگییە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەکادیمی نێودەوڵەتی، ھەروەک زمانی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستییە".

یوسف گۆران راشیگەیاندووە "بەشداریکردن لەم پرۆسەیەدا وەک تاقیکردنەوە سەیر نەکەین، دەرچوون و دەرنەچوون لەم تاقیکردنەوەیەدا نییە بەڵکو ئەم پرۆسەیە ھاوکارمان دەبێت بۆ ئەوەی باشتر لە کێشە و کەموکوڕییەکانی پرۆسەی خوێندن و فێرکردنی زمانی ئینگلیزی تێبگەین و ھاوکارمان دەبێت بۆ دانانی ستراتیجییەتی نیشتمانی بۆ مەبەستی پەرەپێدانی توانستی زمانی ئینگلیزی و چەسپاندنی وەک زمانی دووەم لەنێو دام ودەزگاکانی خوێندنی باڵا".

دامەزراوەی (Education First) یەکێکە لە دامەزراوە زانستییە نێودەوڵەتییەکان و سەرپەرشتی ئەم تاقیکردنەوەیە دەکات و لە ماوەی ٥٠ ساڵی ئەزموونی کارکردنیاندا گرنگی بە فێربوون و راھێنانی زمانی ئینگلیزی دەدات و خاوەنی راپۆرتی بەناوبانگن، (English Proficiency Index) ساڵانە لە رێگەی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی زمانی ئینگلیزییەوە ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی زیاتر لە (٨٠) وڵاتی دونیا ھەڵدەسەنگێنن و دواتر داتاکانی توانستی زمانی ئینگلیزی دەبەستنەوە بە ئاماژەکانی گەشەکردنی ئابووری و گەشەپێدانی مرۆیی و توێژینەوە و پەرەپێدانەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن