İbrahim Halil Aktürk
18 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2023
ئیستانبول - AA
کەشتی TCG Anadolu کە گەورەترین کەشتی سەربازیی تورکیایە و لە ١٠ی نیساندا دەستی بە خزمەت کرد لە هێزی دەریایی وڵاتەکەدا لە بەندەری سارایبورون پێشوازی لە هاووڵاتییان کرد.
کەشتییەکە کە یەکەم کەشتییە لەسەر ئاستی جیهان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی لەسەر بێت، لەو بەندەرەی لەنگەری گرتووە هاووڵاتییان بە لێشاو سەردانی دەکەن.

ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان، بەمەبەستی گەڕان بە ناو کەشتییەکەدا سەردانی بەندەرەکەیان کرد و بەهۆی تامەزرۆیی هاووڵاتییانیشەوە جەنجاڵی لە بەندەرەکە دروست بوو.
هاووڵاتییان لەلایەن کارمەندانی سەربازیی کەشتییەکەوە پێشوازی لێکران و وێنەی یادەوەریان گرت.
سەردانکەرانی کەشتییەکە باسیان لەوە کرد کە کەشتی TCG Anadolu جێگەی شانازییە و باوەڕی خۆیان خستەڕوو لەبارەی دروستکردنی کەشتی نوێ و باشتر بۆ تورکیا.

نوسرەت گور کە لە شاری قۆنیاوە سەردانی بەندەرەکەی کردووە بەمەبەستی بینینی کەشتییەکە گوتی: ''ئەم بەرهەمە، بەرهەمێکە ئاوێتەبوونی دەوڵەت و گەلە. هەتا بەیەکەوەبین سەرکەوتنی زۆر بەدەستدەهێنین''.
هەروەها فاروق تونجەر کە یەکێکی دیکەیە لە سەردانکەرانی کەشتییەکە، باسی لەوە کرد کە کەشتییەکە تایبەتمەندی یەکەم بوونی هەیە و گوتی: ''بەمە دەستی پێ کرد، هیوادارم بەردەوامی هەبێت. وەک گەل زۆر شانازی پێوە دەکەین''.

کەشتییەکە کە ئەمڕۆ تا کاتژمێر ١٨:٠٠ کراوە دەبێت بە رووی سەردانکەرانیدا لە رۆژانی ١٨-٢٣دا لە کاتژمێر ١٠:٠٠-١٨:٠٠ کراوەدەبێت بە رووی هاووڵاتییاندا.
کەشتی TCG Anadolu لە ٢٤ی نیساندا بە گەرووی ئیستانبوڵدا تێدەپەڕێت.