Sidar Can Eren
02 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 14 ئاب 2022
دێرسم - AA
کاڕاگۆل کە هەڵکەوتووەتە بەرزایی دوو هەزار و ٥٠٠ مەتر لە قەزای ئۆڤاچجیک سەربە پارێزگای دێرسم، پێشوازی لە سروشتدۆستان دەکات کە دەیانەوێت بۆ ساتێک لە قەرەباڵغی و جەنجاڵی شار دوور بکەونەوە.
قەزای ئۆڤاجیک کە دەکەوێتە نێوان چیاکانی مونزور و مەرجان، بەهۆی پێکهاتە سروشتی، مێژوویی و کولتوورییەکانییەوە جوانییەکانی بێوێنەی ئافراندووە کە شایەنی بینینە.
شوێنە سروشتییەکانی وەک پارکی نیشتمانیی دۆڵی مونزور، سەرچاوە ئاوییەکانی مونزور، کاڕاگۆل، دەریاچەکانی کاتر، تاڤگەکانی کرکمەردیوان و دەریاچەکانی بوزوڵ لە قەزاکە بوونەتە جێگەی بایەخی گەشتیاران و عاشقانی سروشت.
کاڕاگۆل کە دەکەوێتە چیای مونزور لە ناوچەکە و بەهۆی رەنگی ئاوەکەیەوە لە مورووی شین دەچێت، یەکێکە لەو شوێنانەی کە سروشتدۆستان لە وەرزی هاویندا زیاتر سەردانی دەکەن.

- نزیکەی سێ کاتژمێر لە دۆڵێکی قووڵدا بەپێ دەڕۆن تا دەگەنە دەریاچەکە.
ئەو سەردانیکەرانەی کە دەیانەوێت بە بینینی دیمەنی دەریاچەکە شاد بن کە دەکەوێتە بەرزی نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ مەتر، بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە دێنە گوندی کۆسەلەر و ئامادەکاری پێویست دەکەن بۆ کەوتنە رێگا. سروشتدۆستان کە لە گوندەکەوە بە گرووپ دەست بە گەشتەکەیان دەکەن، دوای نزیکەی سێ کاتژمێر بەپێ رۆیشتن لە دۆڵێکی قووڵدا، دەگەنە دەریاچەکە.
گەشتیاران دوای گەیشتنیان چێژ لە دیمەنە جوانەکان وەردەگرن، هەروەها کە لە کاتی خۆرئاوابووندا دەگەڕێنەوە، دەرفەتی بینینی ورچی قاوەیی و بزنی کێوییان هەیە لە ناوچەکە.
سروشتدۆست و پەرستار، ئاسیا کڵچ بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، دوای بڕینی رێگایەکی دوور و درێژ گەیشتوونەتە دەریاچەکە و گوتی: "دوای نزیکەی سێ کاتژمێر گەیشتینە شوێنی مەبەست، دڵم نەیدەویست ئەو شوێنە (کاڕاگۆل) بەجێبهێڵم و بگەڕێمەوە ماڵەوە، چونکە کەشێکی زۆر خۆشی هەبوو. لە قەراغ دەریاچەکە ساتێکی زۆر خۆشم بەسەر برد".

یەکێکی دیکە لە سروشتدۆستان بەناوی دۆغاڵۆڤەر ئۆزجان ئایدن رایگەیاند کە دوای بینینی جوانیی دڵڕفێنی کاڕاگۆل سەختی رێگاکەی لەبیرکردووە.
دۆغاڵۆڤەر ئۆزجان ئایدن ئاماژەی بەوەش کرد کە لە گەشتەکەدا، چەندین هاوڕێی ناسیووە و گوتی: "دوو هاوڕێمان کە لەگەڵمان هاتبوون بۆ ناوچەکە تاوەکوو بەرزترین ئاستی لووتکەکە سەرکەوتن. کاڕاگۆل گەورەترین دەریاچە بوو کە تا ئێستا سەردانیم کردبوو".
هەروەها یەکێک لە گەشتیارەکان بەناوی حەسەن یڵدز روونی کردەوە کە کاڕاگۆل یەکێکە لە گەورەترین دەریاچەکانی پارێزگای دێرسم و قووڵییەکەی دەگاتە ٦٠ مەتر.
حەسەن یڵدز ئاماژەی بەوە دا کە بە رەنگی شینی دەریاچەکە سەرسام بووە و گوتی: "لەگەڵ گرووپێک لە سروشتدۆستان هاتووینەتە کاڕاگۆل و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر بەپێ رۆیشتین".
