Mustafa Hatipoğlu
15 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2023
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات، شێخ محەمەد بن زاید ئال نههیان ئەنجامدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لەو پەیوەندیيە تەلەفۆنییەدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، هەوڵەکانی دەستەبەرکردنی ئاگربەستی درێژخایەن لە ناوچەکەدا، هەوڵەکانی تورکیا بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە فەڵەستینییەکان و ئەو هەنگاوانە تاوتوێ کرا کە دەنرێن لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاشتییدا.
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە گرنگیی بەردەوامیدان بەو هەنگاوانە کرد کە نراون لە پێناو هەرچی زووە ڕاگرتنی ئیسرائیل و دەستەبەرکردنی ئاشتیی درێژخایەندا.
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارانە کردەوە کە لە لووتکەی هاوبەشی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبیدا دەرکران لەگەڵ درێژەدان بە دەستپێشخەرییەکان بە ڕۆحییەتی یەکگرتوویی کە پشتییوانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ فەڵەستین زیاد دەکەن.