Burcu Çalık Göçümlü
30 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2022
ئەنقەرە -AA
دووەم پێشانگای "Istanbul Photo Awards 2022" کە ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ پێشبڕکێی هەواڵی فۆتۆگرافی نێودەوڵەتی ئەنجامی دەدات لە CSO Ada کە بە دوورگەی هونەر و پایتەختی کولتوور ناسراوە لە ئەنقەرە کرایەوە.
لە میانی پێشانگاکەدا کە وێنەکانی ئەو ١٩ فۆتۆگرافەرە نمایش کران کە توانیان خەڵات بەدەست بهێنن، هەروەها جێگری وەزیری کولتوور و گەشتیاریی، ئۆزگول ئۆزکان یاڤوز؛ سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو، سەردار کاراگۆز؛ باڵیۆزی پاراگوای لە ئەنقەرە، ئەدریان ڤالدەز پێرالتا و ژمارەیەکی زۆر لە بانگهێشتکراوان ئامادەبوون.
جێگری وەزیری کولتوور و گەشتیاریی، ئۆزگول ئۆزکان یاڤوز لە میانی کردنەوەی پێشانگەکەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە ئاژانسی ئانادۆڵو چەندین چالاکی ئەنجام داوە و بووەتە جێی شانازی، گوتی: "هەمیشە ئاژانسی ئانادۆڵو وەک ئەرشیفی وڵاتەکەمان و زیندووهێشتنەوە لە یادگە دەناسرێت، چەندین چالاکی گرنگی لە سەرتاسەری جیهان ئەنجام داوە بەبێ ئەوەی کوالێتی چالاکییەکانی داببەزێت. ئاژانسی ئانادۆڵو لە میانی ئەو چالاکییانەیدا ماوەی هەشت ساڵە بە بەشداری فۆتۆگرافەران لەسەرتاسەری جیهان "Istanbul Photo Awards" رێک دەخات".
لای خۆیشیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێریی و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو، سەردار کاراگۆز ئاماژەی بەوە دا کە لە رێگای ئەم پێشانگایەوە دەرفەتی ئەوە بۆ هونەردۆستان دەڕەخسێت ئەو وێنە فۆتۆگرافیانە ببینن کە خەڵاتیان بە شایستە زاندراوە و گوتی: "وەک ئاژانسی ئانادۆڵو هەواڵی فۆتۆگرافەری و چیرۆکی هەواڵەکان وەک توخمێکی سەرەکی دەبینین. دەمانەوێت ئەگەر کەمێکیش بێت رێز لە ماندووبوونی ئەو فۆتۆگرافەرانە بگرین کە لە هەر جۆرە هەلومەرجێکدا بە ئەرکەکانی سەرشانی خۆیان هەڵدەستن و پشتیوانییان بکەین".
سەردار کاراگۆز تیشکیشی خستە سەر ئەوە لە میانی ئەم هەشت ساڵەدا، ١٤ هەزار فۆتۆگرافەری نێودەوڵەتی ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ پێشبڕکێکە و گوتی: "بەهۆی ئەوەی پێشانگاکە ئێمە رێکی دەخەین فۆتۆگرافەرە زۆر بە تواناکانی ئاژانسی ئانادۆڵو ناتوانن بەشداری تیادا بکەن، تەنها ئەمساڵ ١٦ هەزار وێنەی فۆتۆگرافەرانی ١١٣ وڵاتی جیاواز بەشداریان لە پێشانگاکەدا کردووە".
دواتر بەڕێوەبەری پەخشی هەواڵی بیندراوی ئاژانسی ئانادۆڵو، فرات یورداکول ئەو وێنانەی نیشانی ئامادەبووان دا کە تیایاندا رووداوە گرنگەکانی جیهان رەنگی داوەتەوە.
پێشانگاکە تاکوو ١٩ی کانوونی یەکەم بەکراوەیی دەمێنێتەوە.