Behlül Çetinkaya
18 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2021
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا، بەکارهێنانی بۆمبی دەنگی و دەستگیرکردنی ژمارەیەک فەڵەستینی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل، ریسوا و سەرکۆنە کرد.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە هاتووە "بەیانی ئەمڕۆ ١٨ی تەمووز هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل جارێکی دیکە پیرۆزیی مزگەوتی ئەقسایان پێشێل کرد و رێگەیاندا گرووپە رەگەزپەرستەکانی جوولەکە هەڵبکوتنە سەر مزگەوتی ئەقسا، بۆمبی دەنگیان دژبەو فەڵەستینییە مەدەنییانە بەکارهێنا کە نوێژیان دەکرد و ژمارەیەک فەڵەستینیان دەستگیرکرد کە ژن و منداڵیشیان لەنێودایە بەشێوەیەک کە شکۆی مرۆڤ پێشێلکراوە، سەرکۆنە و ریسوا دەکەین".
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها ئەوە وەبیرهێنراوەتەوە کە ئیسرائیل لە مانگی رەمەزاندا، هێرشی کردە سەر مزگەوتی ئەقسا و هاتووە "درێژەدان بەو جۆرە شەڕفرۆشتنە لەکاتێکدا کە رەوشەکە بەهۆی هێرشەکانی مانگی رەمەزانی رابردووی ئیسرائیل بۆسەر مزگەوتی ئەقسا کە بووە هۆی دروستبوونی گرژیی لە هەموو ناوچەکەدا هێشتا هەستیارە، زۆر مەترسیدارە".
لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە حکوومەتی ئیسرائیل کراوەتەوە کە هەرچی زووە ئەو جۆرە هێرش و کردەی دەمارگیریانە کۆتایی پێ بهێنێت.