Ekip
08 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2020
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند، پەکەکە دەیەوێت هێرش بکاتە سەر هەولێر و دەستی بەسەردا بگرێت.
مەولود چاوشئۆغڵو دەشلێت "پێیان سەیر نییە ئەگەر پەکەکە ئەوە بکات و ئەو بابەتەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی باس کردووە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لەبارەی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە قسەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە پەکەکە لە کورد جیا بکەنەوە و پەکەکە و یەپەگە گەورەترین دوژمنی کوردن".
- "پەکەکە دەیەوێ دەست بەسەر هەوڵێردا بگرێت"
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو باسی لە بوونی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە عێراق کرد و جەختی لەوە کردەوە کە زۆرترین ستەم پەکەکە لە خودی کوردی کردووە.
مەولود چاوشئۆغڵو گوتی: "هەموو جارێک دەڵێین کە سەیری پەکەکە دەکەین ئەو ستەمەی کە دەیکات زۆرتر لە برایانی کورد دەکات، پەکەکە زۆرترین زیانی گەیاندوورە بە برایانی کورد و ئەم بابەتە پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بە واتایەکی دیکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە بە ئاشکرا باسیان کردووە، خۆی پەکەکە لە باکووری عێراق زۆرترین زیانی بە کورد گەیاندووە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو گوتیشی: "پەکەکە ئێستا تەواو دەستی بەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-دا گرتووە لە ناوچەی سلێمانی، کۆنترۆڵی شارەکانی کردووە، دەستی بەسەر هەزار گوندا گرتووە، مەبەستی پەکەکە لەوە دەستبەسەرداگرتنی هەولێرە، کاتێک لە هەوڵەکانی بۆ جیاکردنەوەی تورکیا سەرنەکەوت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا باسی لە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا کرد و گوتی: "وەک ئەوەی کە پارتی و بارزانی باسی لێوە دەکەن، پەکەکە سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکە جێبەجێ دەکات و بە زۆر دەیەوێت منداڵان ببات بۆ شاخ، منداڵانی کورد و منداڵانی ئێزدی و چەک دەدات بە دەستیان و چەکداریان دەکات".
گوتیشی: "حکوومەتی هەرێم زۆر جار تەئکیدی لەو بارودۆخە کردووەتەوە. لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیایش باسی ئەوەمان کرد".
- "ئەو ئاڵایەی لە پێشوازی نێچیرڤان بارزانی دانراوە ئاڵای کوردە نەوەک ئاڵای پەکەکە"
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو جەختی کردەوە کە دەبێت کورد خۆیان بەرەنگاری تیرۆر ببنەوە و گوتی: "لێرەدا دەمەوێت ئەم شتە زۆر بە جوانی روون بکەمەوە، ئێستا ئەگەر پێویست بێت لە تورکیا، سووریا و عێراق دەبێت کورد لە پرسی تیرۆر جیابکەینەوە".
مەولود چاوشئۆغڵو لە بەشیكی دیکە قسەکانیدا وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە بۆ دانانی ئاڵای هەرێمی کوردستان لەسەر خوان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لێی گیرابوو و گوتی: "رەخنەیەکی زۆرمان لێ گیرا بەهۆی دیدارمان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و دانانی ئاڵای هەرێمەکە کە گوایە ئەمە ئاڵای پەکەکەیە کە ئەمە راست نییە، هەڵەیە. ئەگەر هەموو برایانی کورد لە ریزی پەکەکە دابنێین، لێرە دەکەوینە ئەو هەڵەیە کە دوژمنایەتی کوردمان کردووە، ئێمە برای کوردین و دژبە دوژمنایەتیکردنی کوردین".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو گوتی: "سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەو کاتەی کە دەسەڵاتی بەدەست گرتووە دیارە کە چی بۆ کورد کردووە تەنانەت بۆ پرسی کورد لە سووریایش لەکاتی خۆیدا هەڵوێستی هەبووە و باسی پێدانی ناسنامە و هەموو مافەکانی بۆ کردوون".
مەولود چاوشئۆغڵو راشیگەیاند کە کورد لە عێراق لە سەردەمی هێرشەکانی سەدام-دا پشت و پەنایان هەر تورکیا بووە و گوتی: "لە کاتە سەختەکانیشدا بۆ کوردی عێراق سەلمێندراوە کە تورکیا لە پشتیانە و میوانداریشی کردوون و میوانداری پێشمەرگەمان کردووە لە کاتی هێرشەکانی سەدام حوسێن-دا، یەک شت دەبێت لە بەرچاوبگرین، گەورەترین دوژمنی کورد پەکەکەیە، یەپەگەیە و رێکخراوە تیرۆریستییەکانە، ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی ئەوان زیاتر لەسەر شانی خودی کوردە، لەبارەی مافی کوردوە ئەوەی پێویست بێت لە هەموو شوێنێک قسەمان کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێت هەموومان پێکەوە بەرەنگاری رێکخراوە تیرۆریستییەکان ببینەوە و لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی-یش بۆ ئەنقەرە گفتوگۆمان لەو بارەیەوە کرد کە پێمان سەیر نابێت ئەگەر پەکەکە هێرش بکاتە سەر هەولێر".