Mehmet Tosun
20 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2023
ئەنقەرە - AA
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)، لە ناوچەی تەلڕەفعەتی سووریا، ریدوان ئولوگانا-ی لەچالاکی خست، کە یەکێکە لە بەناو بەرپرسانی پەکەکە/یەپەگە و ناوی لە لیستی شینی داواکراوانی تیرۆردایە.
بەپێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، بەهۆی ئەو کردانەی بەرامبەر بە هێزە ئەمنییەکانی کردووە و فەرمانی ئەنجامدانی پێکردوون، ئولوگانا کە ناوە نهێنییەکەی ''کارکەر''ە و بەرپرسی ناوچەی شەهبا بوو، لەلایەن میتەوە خرایە لیستی ئامانجەکانەوە.
بەمەبەستی لەچالاکی خستنی ئولوگانا کە ناوی نهێنی جیای بەکارهێناوە، میت پلانێکی گشتگیری دانا و سات بە سات زانیاری هەواڵگریی لە بریکارەکانی گۆڕەپانەکەوە کۆکردەوە سەبارەت بە چالاکییەکانی ئولوگانا، کە فەرمانی دەرکردبوو بۆ ئەنجامدانی کردە دژ بە سوپای تورکیا لە سووریا.
لە ژێر رۆشنایی ئەو زانیارییە هەواڵگرییەی لە گۆڕەپانەکە کۆکرابووەوە، ئولوگانا لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە تەلڕەفعەت لەچالاکی خرا.
ئولوگانا لە ساڵی ٢٠٠٧دا پەیوەندی کردووە بە رێکخراوەکە و، لەناو یەکەی بەناو هێزی تایبەتی رێکخراوەکە لە عێراق مەشقی بینیوە و، لە ساڵانی ٢٠١١-٢٠١٣دا، لە ئامانۆس کاری بۆ رێکخراوەکە کردووە و بەشداری لە کردەکانی رێکخراوەکەدا کردووە. لە ساڵی ٢٠١٤دا چووەتە سووریا و وەک بە ناو فەرماندەی ئەو یەکەیەی رێکخراوەکە لە عەفرین دروستیکردووە. پاشان وەک بەرپرسی کەمپی پەکەکە/یەپەگە لە عەفرین کاری کردووە.
هەروەها ئولوگانا بەشداری لە چەندین کردەدا کردووە دژ بە سوپای تورکیا و لە ساڵی ٢٠١٨ەوە تا ئێستا، سەرپەرشتی هەموو ئەو کردانەی کردووە کە لە ناوچەکانی عەفرین-تەلڕەفعەت دژ بە سوپای تورکیا ئەنجام دراوە و سەرپەرشتی ناردنی ئەندامانی رێکخراوەکەی کردووە بۆ ناو تورکیا.