Mehmet Tosun
03 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2024
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین ئەنجام دا.
بە گوێرەی هەواڵێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، سەرکۆمار ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات و هەروەها دواپەرەسەندنەکان لە سووریا و پرسە جیهانی و ناوچەییەکان گفتوگۆی کرد.
لە پەیوەندییەکەدا سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، تورکیا پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات و هەوڵەکانی بۆ چارەسەری هەمیشەیی دەخاتە گەڕ و بە گرنگی زانیوە هەموو لایەنەکان ڕەهەندی دیپلۆماسی بگرنە بەر و پێویستیشە ڕژێمی سووریا ئامادەی چارەسەری سیاسی بێت.
لەبارەی پرسی سووریاوە هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە خەڵکی سڤیل لە ئاڵۆزییەکاندا زیانی بەر نەکەوێت و ڕێگە نەدرێت سووریا لەوە زیاتر ناسەقامگیری بە خۆیەوە ببینێت و بۆ ئەو مەبەستەش تورکیا ئەوەی لەدەستی بێت، ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی.
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا سوورە لەسەر هەڵوێستەکانی دژ بە هەرچەشنە کەڵکوەرگرتنێکی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە و لق و پۆپەکانی لە پەرەسەندنەکانی سووریادا.