Merve Yıldızalp
31 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2025
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەو لایەنە دیارانەی ئەمڕۆ هەوڵی دەستوەردان لەپرۆسەی دادوەری دەدەن، خەون بەتورکیای کۆنەکەوە دەبینن، هەوڵی پاراستنی ئەو ئیمتیازاتانە دەدەن کە تورکیای کۆن دەستەبەری کردووە".
لە میانی بەشداری کردنی لە ڕێوڕەسمی تیروپشک بۆ دادوەران و داواکارانی گشتیی دەسەڵاتی دادوەری و دادوەرانی دەسەڵاتی دادوەری کارگێڕییدا، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان پیرۆزبایی لە هەزار ٧٥ کاندیدی دادوەر و داواکاری گشتیی کرد کە ئەمڕۆ لە ڕێگەی تیروپشکەوە شوێنی کاریان دیاری دەکرێن.
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ئەو لایەنە دیارانەی ئەمڕۆ هەوڵی دەستوەردان لەپرۆسەی دادوەری دەدەن، خەون بەتورکیای کۆنەکەوە دەبینن، هەوڵی پاراستنی ئەو ئیمتیازاتانە دەدەن کە تورکیای کۆن دەستەبەری کردووە.
گوتیشی: "لەو بواری ئیمتیازدارەی لە دەرەوەی یاسا دروست بووە هەوڵ دەدەن سیاسەت و کاری ڕۆژنامەنووسی بکەن. دەیانەوێت لەم بوارەدا وەک ئەوەی دەخوازن یاری ئەسپ بکەن (پێشێلکردنی یاسا سەرەکییەکان بە حەق دەزانن)".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە بێ باکیی کرد بەرامبەر یاسا و ڕایگەیاند: "بێ ئەدەبی کردن بەوەی بڵێت من ئەوەی بمەوێت دەیکەم و هەڕەشە لە هەرکەسێک بمەوێت دەیکەم و کەس ناتوانێت دەسم لێبدات، لە کۆتاییدا بەر دیواری سەختی ڕاستیی دەکەوێت".
ڕاشیگەیاند: "هەموومان بەرپرسیارین لە پشتیوانی کردنی پێویست بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری بتوانێت ئەرکەکەی بە شێوەیەکی شایستە و دروست جێبەجێ بکات".
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر دەسەڵاتی دادوەری کردەوە و ڕایگەیاند: "دەسەڵاتی دادوەری تورکیا تەنیا و تەنیا بە ناوی گەلی تورکیاوە بڕیار دەدات. کەس ناتوانێت ڕێوشوێن بۆ ئەوانە دابنێت کە بەناوی گەلی تورکیاوە بڕیار دەدەن".
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان تیشکی خستە سەر بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی فەتۆ و، ڕایگەیاند: "بەو هەنگاوە پێداگرانەی ناومانە بەشێوەیەکی بەرچاو ڤایرۆسی فەتۆ کە خزابوونە ناو ڕێکخستنەکانی دەسەڵاتی دادوەریمانەوە پاککردەوە و، پاکیان دەکەینەوە".