Aykut Karadağ
08 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2023
ئەنقەرە - AA
وەزیری دادی تورکیا، یڵماز تونچ، ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیاسایەی لیژنەی پلان و بوودجە لە پەرلەمانی تورکیا پەسەندی کردووە، ئەو کەسانەی لە قۆناغی کۆرۆنادا بەمەرجی چاودێری ئازاد کراون و پێنج ساڵ یان کەمتریان ماوە بۆ کۆتایی هاتنی سزاکانیان، دووبارە ناگەڕێنەوە بەندینخانە.
تونچ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بابەتێکی دەربارەی ئازادکردنی مەرجدار، بڵاوکردووەتەوە و نووسیووییەتی: "بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیاسایەی لە لیژنەی پلان و بوودجەی پەرلەمان پەسەند کراوە، ئەو سزادراوانەی لە قۆناغی پەتای کۆرۆنادا بەمەرجی چاودێریکردن ئازاد کراون و پێنج ساڵ یان کەمتریان ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەیان، جارێکی دیکە ناگەڕێنەوە بۆ بەندینخانەوە و ئەو ماوەیەی کە ماویانە لە دەرەوەی زیندان و بەشێوەی ئازادی مەرجدار بەسەردەبەن".
لە ٣١ی تەمووزەوە ئەو سزادراوانەی لە بەندینخانەکاندان و بەشێکی دیاریکراوی سزاکەیان لە بەندینخانە بەسەربردووە، ئەگەر لە ماوەی زیندانییەکەیاندا هیچ رەفتارێکی هەڵەیان نەنواندبێت ئەوا سێ ساڵ زووتر دەتوانن سوود لە ئازادی مەرجدار وەربگرن.
یڵماز تونچ ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە لە ٣١ی تەمووزەوە بەرپرسیارییەتییەکانی ئەو کەسانە لادەچێت کە بە شێوەی مەرجدار ئازاد دەکرێن و تەنها لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا دووبارە دەگەڕێندرێنەوە بۆ بەندینخانە.