توركيا

رزگارکردنی ئەو کۆچەرییانەی کە بەھۆی بەفرەوە لە ھەکاری گیریان خواردبوو

Hikmet Temeş  | 12.05.2022 - نوێکردنەوە : 15.05.2022
رزگارکردنی ئەو کۆچەرییانەی کە بەھۆی بەفرەوە لە ھەکاری گیریان خواردبوو

ھەکاری-AA

بەھەوڵی تیمەکانی رزگارکردن توانرا ئەو کۆچەرییانەی کە دەیانویست ئاژەڵەکانیان لە شرناخەوە بۆ کوێستانەکانی ھەکاری بگوازنەوە و بەھۆی بەفرەوە لە کوێستانی فاراشین کە دوو ھەزارە ٦٢٥ مەتر لە سەر ئاستی رووی دەریاوە بەرزە، گیریان خورادبوو، رزگاربکرێن.

کۆچەرییەکان به‌ر له‌ ٢٠ رۆژ لە شارۆچکەی جزیرە سەر بە پارێزگای شرنەخ باشووری خۆرھەڵاتی تورکیا بە مەبەستی چوون بۆ ھەکاری بەڕێکەوتن و لە نزیک گوندی یەشلیئۆز رووبەڕووی بەفر بارین بوونەوە.

دوای گەیشتنی زانیاری گیرخواردنی ھەشت کۆچەری لەگەڵ نزیکەی ھەزار و ٥٠٠ سەر مەڕ بەھۆی نالەباریی کەشوھەواوە، ئیدارەی پارێزگا لە ھەکاری و تیمەکانی جەندرمە لەگەڵ گوندپارێزەکانی ناوچەکە کەوتنەخۆ.

کۆچەرییەکان دوای ھەوڵێکی زۆر رزگارکران و رانە مەڕەکانیان گەیەندرایە ئاوایی یاپراکڵیی لە گوندی ئیشکی سەبەر ناوەندی شارۆچکەکە.

کۆچەریی، ئەحمەد بۆزکورت، تەمەن ٥٧ ساڵان، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە کرد لەکاتی ھاتنیان لە گوندی بۆزئاڵان سەربە جزیرە، بەھۆی نالەباریی کەشوھەواوە تووشی گرفت بوونەته‌وە.

ئەحمەد بۆزکورت باسی لەوە کرد سێ رۆژ لە شرنەخ گیریان خواردووە و گوتی: "ھاوڵاتییانی ئەوێ ھاوکارییان کردین و رزگارمان بوو. دوای رۆژێک لە ناوچەی گردی یەشیلئۆز بەھۆی بەفرەوە گیرمان خوارد. تیمەکانی ئیدارەی پارێزگا لە ھەکاری ھاوکارمان بوون. لە رێگەی شۆفڵ و بلدۆزەرەکانیانەوە رزگاریان کردین. نزیکەی ٢٤ کاتژمێر لە ناوچەیەکی سەختدا گیرمان خوارد. بەھۆی زۆری بەفرەوە نەماتوانی مەڕەکانمان بلەوەڕێنین. شەوانمان زۆر بە سەختی بەسەر دەبرد و داریشمان نەبوو بیسوتێنین. زۆر سوپاسی تیمەکان دەکەین کە ھاوکارمان بوون و بەسەلامەتی گەیشتینە ئاوایی یاپراکلی".

کۆچەرییەکی دیکە، رەمەزان بۆزکورت باسی لەوە کرد کە ھەر لەگەڵ دەرچوونیان لە کوێستانی فاراشینەوە دۆخی نالەباری کەشوھەوا ئاستەنگی بۆ خۆیان و ئاژەڵەکانیشیان دروستکردووە.

رەمەزان بۆزکورت ئاماژەی بەوە کرد بەھۆی بەفرەوە ئاژەڵەکانیان بە برسێتی ماونەتەوە و تەڕبوون و گوتی: "بەھۆی ئەو دۆخە سەختەی کە تێیکەوتین پەیوەندیمان بە تیمەکانی ئیدارەی پارێزگا و بەرپرسی ناوچەکە کرد. خودا لە تیمەکان رازی بێت بە ھانامانەوە ھاتن. سوپاسی ھەموو ئەوانە دەکەین کە پێمانەوە ماندوو بوون".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın