Aişe Hümeyra Bulovalı
30 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2022
ئیستانبوڵ - AA
براوەکانی هەشتەمین کێبڕکێی فۆتۆگرافی ٢٠٢٢ی ئیستانبوڵ ناسراو بە "Istanbul Photo Awards 2022" ئاشکرا کران.
ئەم کێبڕکێیە ساڵانە لەلایەن ئاژانسی ئانادۆڵووە رێکدەخرێت و لەمساڵیشدا، زیاتر لە ١٦ هەزار وێنەی فۆتۆگرافی تیایدا بەشداربوون.
لەو بارەیەشەوە بەڕێوبەری گشتیی و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی ئاژانسی ئانادۆڵو، سەردار کاراگۆز باسی لەوە کرد هەرچەندە لە دوو ساڵی رابردوودا، زۆرێک لە بوارەکانی ژیان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دووچاری گرفت بوون، بەڵام ئەمساڵیش ئەم کێبڕکێیە ئەنجامدرا، گوتیشی: "سوپاسی هەموو ئەو وێنەگرانە دەکەین کە هەر لە ئاگرەکانی کالیفۆڕنیاوە تا جۆش و خرۆشی کێبڕکێی ئۆڵۆمپیادەکان و تراجیدیای ناو کەمپەکانی پەنابەرانیان بۆ ئێمە گواستوەتەوە، هەروەها سوپاسی دەستەی دادوەریی دەکەین کە لەڕێی ئەزموونی خۆیانەوە کێبڕکێکەیان بەهێزتر کرد".
سەردار کاراگۆز باسی لەوەش کرد کە ساڵانە وێنەگرەکانی جیهان بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی کێبڕکێی "Istanbul Photo Awards" دەکەن، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەمساڵ لقێکی دیکە بۆ کێبڕکێکە زیادکراوە کە تایبەتە بە وێنەی "سروشت و ژینگە"، پیرۆزبایشی لە مەهەمەت ئەسڵانی براوەی خەڵاتی ئەم لقە کرد کە وێنەکەی تایبەت بووە بە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی.
لەمساڵدا لیژنەی دادوەریی کێبڕکێکە لەڕێی کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینەوە وێنە براوەکانیان هەڵبژارد.
خەڵاتی وێنەی ساڵ بۆ وێنەگری ئاژانسی بلۆمبێرگ، کۆنستانتینۆس تساکالیدیس بوو لەژێر ناوی "ژنێک لە دوورگەکانی وابییە".

هەروەها وێنەگری "Getty Images"، درێو ئانگێرەر بە وێنەیەکی هێرشەکانی سەر بینای کۆنگرێسی ئەمریکا، پلەی دووەمی بەدەست هێنا.

پلەی سێیەمیش بەخشرا بە وێنەگری "AFP" پاوڵ راتج، بۆ وێنەیەکی تایبەت بە سەختییەکانی ئەو پەنابەرانەی لە ویلایەتی تێکساس باشووری ئەمریکا رێگرییان لێدەکرێت لە سنوور بپەڕنەوە.

دەشتواندرێت لەڕێی ماڵپەڕی http://istanbulphotoawards.com" وێنە براوەکانی کێبڕکێکە و زانیارییەکانی لیژنەی دادوەریی ببیندرێن.