Özcan Yıldırım
30 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2023
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رەخنەی لە مێزی شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن گرت و گوتی: "پەکەکەییەکان دەڵێن ئەو مێزە نامۆیە هیوای پێداوین. فەتۆچییەکان لە سایەی مێزی تاریک و لێڵەکاندا، حسابی گەڕانەوە بۆ وڵات دەکەن".
سەرکۆمار ئەردۆغان لە پەخشی هاوبەشی کەناڵەکانی A Haber، ATV ، A Para ، A News لە کۆشکی چانکایا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
ئەردۆغان رەخنەی لە کۆبوونەوەی شاندی جەهەپە و هەدەپە گرت کە هەفتەی رابردوو لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو و گوتی: "هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە دوای کۆبووەنەوەی لەگەڵ بای بای کەمال دەڵێت 'سەبارەت بەو بابەتانەی کە لە قۆناغی داهاتوودا کاریان لەسەر دەکەین گفتۆگۆمان کرد'. لەو لاوە سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی دەڵێت 'هەدەپە و داواکارییەکانی هەدەپە ناهێنە سەر مێزەکەمان'. رۆژێک لەمەوبەر ئەم قسەیە دەکات و رۆژی دواتر قسەیەکی زۆر جیاوازتر دەکات. وەک ئەوەی هەموو ئەمانەی لە بیرچووبێتەوە. گوتەبێژی پێشووی پارتەکەش بڕوا بە سەرۆکی گشتیی پارتەکەی ناکات و دەست لەکار دەکێشێتەوە. لە بنەڕەتدا لە یەکەم ساتەوە جەهەپە و هەدەپە سەرکردایەتیی مێزەکەن. ئەوانی دیکە لایەنگری مێزەکەن. ئیی پارتی ئەرکی پەردەپۆشکردنی پلانی جوداخوازیی ئەو مێزەی پێ دراوە. ئەمانیش بە حەزەوە ئەم ئەرکە دەگەیەننە جێ. پەکەکەییەکان دەڵێن ئەو مێزە نامۆیە هیوای پێداوین. فەتۆچییەکان لە سایەی مێزی تاریک و لێڵەکاندا، حسابی گەڕانەوە بۆ وڵات دەکەن. گەلەکەم هەموو ئەمانە دەبینێت. لەو بڕوایەدام کە گەلەکەم رۆژی ١٤ی ئایار باشترین وانە بە مانە دەدەن".
- "ئەم گەلە باشترین لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکات"
ئەردۆغان سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە سەردەستەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز دەڵێن 'ئێمە جەهەپەتان بۆ دێنین'، 'ئێمە مێزی شەشیتان بۆ دێنین'، 'لە ١٤ی ئایاردا ئەم وڵاتە لە ئەردۆغان پاک دەکەینەوە' و سەبارەت بە سەرۆکی گشتیی پارتی مەملەکەت، موحەرەم ئینجە کە خۆی بۆ پۆستی سەرکۆمار بەربژێر کردووە گوتی: "ئەو کەسەیشی کە لە دوا هەڵبژاردندا بوو بە بەربژێریان، چووە پاڵیان. دەبینین کە ئەمیش هەمان قسەی ئەوان دەکات و دەڵێت 'پێویستە تورکیا لە ئەردۆغان رزگاری بێت". ئەردۆغان چی بەسەر هێناوی؟ ئەردۆغان لە بوونە خزمەتکار بۆ وڵاتەکەی زیاتر چی کردووە؟ بەداخەوە. تۆ چوویتە پاڵ ئەو کەسانەی کە لە رێکخراوی تیرۆریستییەوە نزیکن کە لە راستیدا ساڵانێکی زۆر بوو لە پاڵ ئەوانەوە بوویت. گەلەکەم لێپرسینەوە لە هەموو ئەمانە ناکات؟ بێگومان ئەم گەلە لە ١٤ی ئایاردا باشترین لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکات".
- "لە جودی و گابار وانەی پێویستمان پێدان"
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای سەیرکردنی ئەو ڤیدیۆیەی کە تیایدا سیاسەتمەدارانی هەدەپە ستایشی رێکخراوی تیرۆریستی دەکەن، کاردانەوەی خۆی بەرامبەربە قسەکانی سرری هاک نیشان دا کە گوتبووی "کۆماری سەد ساڵە دەڕووخێنین" و رایگەیاند؛ "بای کەمال تۆ ناتوانی ئەوەمان لێ بشاریتەوە کە لەگەڵ کێ باسی چیت کردووە. دەرکەوت کە لە دواوەی دەرگا داخراوەکاندا باستان لە چ شتێک کردووە. لەو لاوە ئەو ژنەی کە لەئێستادا لە پەرلەماندا سەرکردایەتیی پارتەکە دەکات دەبینین کە لە قەندیل هاودەستی کێییە و پاڵپشتی لە کێ دەکات. وێڕای هەموو ئەمانە بەردەوام دەبین لە وشککردنی تیرۆر لە سەرچاوەکەیەوە. گەلەکەمان وانەی پێویست بە دریژکراوە سیاسییەکانیان دەدات. ئێمە وەک پارتی دەسەڵاتدار لە جودی و گابار وانەی پێویستمان پێدان. بە هەمان پێداگرییەوە بەردەم دەبین لەو رێگەیەی گرتوومانەتە بەر. سەردەستەکانی تیرۆر و ئەوانەی ئێستا لە پەرلەمان نوێنەرایەتیان دەکەن درێژکراوەیانن. بۆیە ناتوانین بڵێین کە 'ئەمانە تیرۆریست نین'. لەئێستادا پارتی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆن هەوڵ دەدات بە دامەزراندنی شەراکەت لەگەڵیاندا جێگەی خۆی لە پەرلەمان مسۆگەر بکات. گەل رێگە بەمانە نادات".