İzzet Taşkıran
18 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2023
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەی نائاسایی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە ڕووی نیشاندانی پێداگریی جیهانی ئیسلامی بەرامبەر ستەمی ئیسرائیل کە لە هەڵکشاندایە بەرزدەنرخێنم".
لە ڕاگەیاندراوێکیدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی بڵاویکردەوە، سەرکۆمار ئەردۆغان، هەڵسەنگاندنی بۆ کۆبوونەوەکەی جددە، هێرشەکانی سەر غەززە و هاوکارییەکانی تورکیا و هەنگاوەکانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە کرد.
سەبارەت بە هەوڵ و تەقەلاکانیان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئیسرائیل-فەڵەستین و ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "بە هەنگاوەکانی وەک ناردنی کەشتی فڕۆکە هەڵگر بۆ ناوچەکە، بڕینی هاوکارییەکان و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵک، هەوڵەکانمان بۆ دەستەبەرکردنی ئارامیی تێکدرا".
لەبارەی هەڵوێستی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەولەتی و هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کە باش بێکاریگەر کراوە، جارێکی دیکە بەرپرسیارێتیی خۆی بەجێنەگەیاند".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد و ڕایگەیاند: "وڵاتانی ڕۆژئاوا کە لەبارەی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان هیچیان نەهێشتووەتەوە، جگە لە خۆشکردنی ئاگرەکە هیچ هەنگاوێکی دیکەیان نەنا".
هەروەها سەبارەت بە ڕۆڵی میدیا نێودەوڵەتییەکان لەم قەیرانەدا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "دەزگاکانی میدیای نێودەوڵەتی بە پەخشی لایەنگری و دووڕووییانە، کێبڕکێ دەکەن بۆ سپی کردنەوەی کۆمەڵکوژیی".
سەبارەت بە هێرشەکەی شەوی ڕابردوو سەر نەخۆشخانەی ئەلئەهلی باپتیست لە غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە، کە گیانلەدەستدانی لایەنی کەم ٥٠٠ کەسی لێکەوتەوە، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "دوێنێ بە هێرشی قێزەونی سەر نەخۆشخانەی ئەلئەهلی عەرەب، کۆکوژی لە غەززە ڕەهەندێکی دیکەی وەرگرت. بکەرانی ئەم هێرشە شەرمەزار دەکەم کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و لە پلەی جینۆسایدی خەڵکی غەززەدایە".
گوتیشی: "وەک تورکیا بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵدان سەرەتا بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی و پاشانیش دەستەبەرکردنی سەقامگیریی درێژخایەن".