Nurten Aslan
10 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2020
دیاربەکر - AA
گرووپی دیالۆگی دیجلە-فورات لە دیاربەکر، ئیدانەی هێرشی تیرۆریستانی پەکەکەی کرد بۆسەر هێزە ئەمنییەکانی سەربە حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی گرووپی دیالۆگی دیجلە-فورات لە دیاربەکر، محێددین باتمانلی بەناوی گرووپەکەوە لە لێدوانێکیدا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە هێرشی کردووەتە سەر پێشمەرگە و ژمارەیەکیان گیانیان لەدەستداوە.
محێددین باتمانلی ئیدانەی هێرشی پەکەکەی کرد و گوتی: ''لەئێستادا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوونی هەیە. هەموو یاساکانی نێودەوڵەتی و عێراقیش دانیان پێدا ناوە. ئەمریکا و تورکیا دانیان پێداناوە. ئێوە کارتان چییە، هێرش دەکەنە سەر پێشمەرگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. بەسە ئیتر، بێزاربووین لێتان. ئەوەتا ٥٠ ساڵە سەرتان هەڵداوە لەو رۆژەوە جگە لە کوشتنی کورد، خەڵک و موسڵمانی بێ تاوان هیچی دیکە ناکەن''.
ناوبراو گوتیشی: ''ئیدانەی پەکەکە دەکەم. ئەوانەی دەنگتانداوە بە پەکەکە و هەدەپە هۆشتان بێتەوەبەر. ئەو کارە وانابێت. ئێوە لە سایەی کورداندا سیاسەت دەکەن. ئێوە دەچن پەلاماری ئەوانە دەدەن کە بۆیەکەمجار حکوومەتێکی هەرێمیان بۆ دروست کردووین هەرچەندە بچووکیش بێت. تکایە وا مەکەن. بەسە ئیتر. ئێمە دەڵێین با مرۆڤەکان نەمرن، کورد، تورک و عەرەبیش نەمرن''.