Sarp Özer
02 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2022
ئەنقەرە - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە رێی ئۆپەراسیۆنی "هەڵۆی زستان"ەوە جارێکی دیکە تیرۆریستان هەستیان بە نەفەسدرێژی هێزە سەربازییەکانی تورکیا کرد.

خولوسی ئاکار لە میانی بەسەرکردنەوەی بۆ فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا باسی لە ئۆپەراسیۆنی "هەڵۆی زستان" کرد و ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە و تیایدا بۆردومانی ئامانجەکانی تیرۆریستان لە باکووری سووریا و عێراق، کراوە.

وەزیری بەرگریی تورکیا جەختی لەوەش کردەوە کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە پاراستنی ئاسایشی ٨٤ ملیۆن هاووڵاتی و سنوورەکانی تورکیایە، گوتیشی: "ئۆپەراسیۆنەکە بۆ لێدانی ئامانجەکانی تیرۆریستان بوو لە باکووری سووریا و عێراق، بەشێوەیەکی هەستیار پلانی بۆ داندرابوو، هەر بەو شێوەیەش ئەنجامدرا. هەموو رێوشوێنێکمان گرتەبەر بۆ ئەوەی لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا زیان بە هاووڵاتییانی مەدەنیی و ژینگە نەگات. جارێکی دیکەش تیرۆریستان نەفەسدرێژی هێزە سەربازییەکانی تورکیایان بینی".

خولوسی ئاکار هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوامە و رایگەیاند "لە میانی ئۆپەراسیۆنی "هەڵۆی زستان"دا ژمارەیەکی زۆر تیرۆریست لە چالاکی خراون. لە نزیکەوە چاودێریی رەوشەکە دەکەین. لە کاتژمێر و رۆژەکانی داهاتووشدا ئەنجامی کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکە دەخەینەڕوو".
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار ئاماژەی بەوەش دا کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیادا ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسە باڵاکانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە چالاکی خراون.