Sarp Özer,
06 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2019
ماڵاتیا - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار رایگەیاند، ئەوان بە ھیچ شێوەیەک بەرگەی دواکەوتنی کارەکانی دروستکردنی ناوچەی ئارام ناگرن و گوتی: "پلانی ئەوەمان داناوە کە دەورییەی وشکانی ھاوبەش لە ٨ی ئەیلوول دەست پێ بکات".
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار بەیاوەری سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا، یەشار گولەر، فەرماندەی ھێزەکانی وشکانی، جەنەڕاڵ ئومیت دوندار، فەرماندەی ھێزەکانی دەریاوانی، جەنەڕاڵ عەدنان ئۆزبال و فەرماندەی ھێزەکانی ئاسمانی، جەنەڕاڵ حەسەن کوچوکئاکیوز فەرماندەیی دووەمی سوپای بەسەرکردەوە و رێوڕەسمی دەور و تەسلیمی ئەنجامدا.
ئاکار لەگەڵ فەرماندەکانی بەرپرس لە یەکەکانی پاراستنی ئاسایشی سنوور بۆ ماوەی دوو کاتژمێر کۆبووەوە و زانیاری پێویستی وەرگرت و رێنمایی پێویستی دا.
وەزیری بەرگریی تورکیا لە وتارەکەیدا بۆ یەکەکانی سوپای وڵاتەکەی باسی لە پرسەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش کرد.
ئاکار جەختی لەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی رێنماییەکانی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رێگە بە دروستبوونی رێڕەوێکی تیرۆر لە باشووری تورکیا نادەن و گوتیشی: "بۆ ئەمە چی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین. تێگەیشتنی 'ئەگەر بمرم ئەوا شەھیدم و ئەگەر بمێنم ئەوا غازیم' جێبەجێ دەکەین".
ئاکار ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە لە چوارچێوەی ئەو بەروارەی دیاریان کردووە، چالاکییەکانی ناوەندی جموجۆڵی ھاوبەشی یەکگرتوو لە ئاکچاککالە دەستی پێکردووە و گوتیشی: "لەو شوێنە جەنەڕاڵێکی تورک و جەنەڕاڵێکی ئەمریکی و ئەو ئەفسەرانەی سەر بەم جەنەڕاڵانەن دەستیان بە کارەکانیان کردووە. پێشتر فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و دواتریش ھێلیکۆپتەر فڕین. پێکەوە فڕینی ھێلیکۆپتەرمان بە ھاوبەشی ئەنجامدا. فڕینەکانی ھێلیکۆپتەر لە ناوچەکەدا دەرفەتی ئەوەمان پێ دەدات ھەموو ئەو شتانە ببینین کە لەسەر زەوی ئەنجام دەدرێت یان بانگەشەی ئەنجامدانی کراوە. پلانی ئەوەمان داناوە کە دەورییەی وشکانی ھاوبەش لە ٨ی ئەیلوول دەست پێ بکات. لەمبارەیەوە رێککەوتنێکی گشتی ھەیە".
ئاکار ئاماژەی بەوەشدا کە رێکخراوی تیرۆریستی یەپەگە لەگەڵ پەکەکە ھیچ جیاوازیەکی نییە و گوتیشی: "باسکردن لە جیاوازی نێوان یەپەگە و پەکەکە بەلانی کەمەوە سوکایەتییە بە عەقلی ئێمە. راپۆرتەکانی ھەواڵگریی و زانیارییە ئاشکراکان ئەوە نیشان دەدەن. ئەوە دەسەلمێنێت کە تیرۆریستانی یەپەگە لەو شوێنە بە تەواوی ھەمان شتە لەگەڵ پەکەکە".