ئابووری, شیکردنەوە, کۆڤید- ١٩

كاریگه‌رییه‌كانی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و كۆرۆنا له‌سه‌ر كه‌رتی ئابووری

- پرۆفیسۆری دارایی گشتی یاریدەدەر، دكتۆر سه‌باح خۆشناو: ''ساڵی ٢٠٢٠ کێشەی مووچەمان نابێت، بەڵام ئەگەر ساڵی ٢٠٢١ نرخی نەوت ھەروا بەردەوام بێت ئەوا بە دڵنیایییەوە رەنگە کێشەیەکی گەورە بۆ عێراق دروست بکات"

Heman Hussein Yaseen  | 24.03.2020 - نوێکردنەوە : 26.03.2020
كاریگه‌رییه‌كانی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و كۆرۆنا له‌سه‌ر كه‌رتی ئابووری

Arbil

هه‌ولێر - AA

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩) لە جیھاندا، کاریگەری گەورەی کردووەتە سەر ژێرخانی ئابووری وڵاتان، تەنانەت لە ھەندێک وڵاتدا جموجۆڵی بازرگانیش سست بووە، ئەو وڵاتانەیشی کە پشتیان بە یەک سەرچاوەی ئابووری بەستووە زیاتر کەوتوونەتە ژێر کاریگەری خراپی ئابووری.

له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌، هاوكات دوای ئەوەی ھەشتی ئەم مانگە نەوت نزیکەی سەدا ٢٧ بەھاکەی لە دەستدا کە لە ماوەی دە ساڵی رابردووە وەک خراپترین ھەفتە ناوی برا كاریگه‌ریی زیاتری كردووه‌ته‌ سه‌ر كه‌رتی ئابووری له‌ جیهاندا، پڕۆفیسۆرێكی دارایی گشتیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م دابه‌زینه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ململانێی نێوان هه‌ردوو وڵاتی سعوودیه‌ و رووسیا هه‌بوو، جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا رۆڵی هه‌بوو له‌ سستكردنی كه‌رتی ئابووری جیهان.


پرۆفیسۆری دارایی گشتی یاریدەدەر، دكتۆر سه‌باح سابیر خۆشناو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''نەوت وەکو کاڵایەک، سێ رەھەندی سەرەکی ھەیە كه‌ بریتین له‌؛ ره‌هه‌ندەکانی ئابووری، سیاسیی و ستراتیجی، ھەر بۆیەش ئەم کاڵایە زۆرجار بۆ مەبەستی سیاسیی بەکاردێت، ئەو ململانێیەی لەنێوان سعوودیە و رووسیادا ھەبوو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چوار ساڵ لەمەوبەر کە گفتوگۆ و رێککەوتن ھەبوو بۆ ئەوەی بتوانن بازاڕی جیھان بەشێوەیەک رێکبخەنەوە و خستەڕووەکەی بەشێوەیەک بێت کە نرخ بەرز بکەنەوە، ئەوەبوو نرخی نەوت تا ٧٠ دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی بوو کە ئەو رێککەوتنە شکستی ھێنا، بۆیەش سعوودیە بۆ دژایەتیکردنی رووسیا، نرخی نەوتی خستەڕوو بە ٣٣ دۆلار، کە ئەمەش بەیەکجاری ئنیھیاری بە نرخ کرد''.

پرۆفیسۆری دارایی گشتی یاریدەدەر، دكتۆر سه‌باح سابیر خۆشناو به‌راوردكاریی هێزی خستنه‌ڕووی نه‌وتی رۆژانه‌ی هه‌ردوو وڵاتی سعوودیه‌ و رووسیا‌ ده‌خاته‌ڕوو و ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات سعوودیه‌ ده‌یه‌وێت رووسیا له‌ چوارچێوه‌ی خۆی بهێڵێته‌وه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتی: "رووسیا رۆژانە ١١ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار بەرمیل دەخاتەڕوو، بەڵام سعوودیە ١٠ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل دەخاتەڕوو، ئەمەش کاریگەری نەرێنی دروستکرد لە لایەک و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش رۆڵی ھەبوو لەم بوارەدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بەشێکیان پەیوەندی بەوە ھەیە کە رووسیا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەستێکی درێژی ھەیە و رۆڵی هه‌یه‌ بەتایبەتی لە سووریادا، دەتوانین بڵێین سعوودیە یەکێک لە ئامرازەکانی ئەمریکایە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دەیەوێت وا بکات کە رووسیا لە قالبی خۆی بھێڵێتەوە، دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت تێچووی دەرھێنانی یەک بەرمیل نەوت لە رووسیا ١٧ دۆلارە بەڵام لە سعوودیە ١٠ دۆلارە، ئەمەش وا دەکات رووسیا کەمتر بەرگە بگرێت''.

دكتۆر سه‌باح خۆشناو گوتیشی: ''ھۆکارێکی دیکە ھەیە ئەویش سعوودیە یەک بەرمیل نەوتی لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ بە ٥٥ دۆلار خەمڵاندووە، بەڵام رووسیا بە ٤٢ دۆلار و ٤٠ سەنتی خه‌مڵاندووه‌، رووسیا بەپێی پلانەکەی بڕی دە ملیار دۆلار زیادەی ده‌بێت لە بوودجەدا، بەڵام سعوودیە نزیکەی ٥٠ ملیار دۆلار کورتھێنانی دەبێت''.

پرۆفیسۆری دارایی گشتی یاریدەدەر، دكتۆر سه‌باح سابیر خۆشناوله‌باره‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ئابووری جیهان له‌سه‌ر عێراق به‌ گشتی و هه‌رێمی كوردستانیش به‌تایبه‌تی گوتی: ''عێراق لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ یەک بەرمیل نه‌وتی بە ٥٦ دۆلار خەمڵاندووە، ئەمەش گاپێکی گەورە دروست دەکات، چونکە عێراق ئێستا سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل ھەناردە دەکات و لە پلانی ستراتیجیدا بوو کە بیگەیەنێتە چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام نەیتوانی، بۆیە ئەگەر لەگەڵ ھەرێمی کوردستان رێککەوتنێک بکات لەسەر ٢٥٠ ھەزار بەرمیلەکە ئەوا رەنگە بتوانێت قەرەبووی خۆی بکاتەوە''.

پرۆفیسۆری دارایی گشتی یاریدەدەر، دكتۆر سه‌باح سابیر خۆشناو ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ عێراق بڕێكی زۆری یه‌ده‌گی هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش وا ده‌كات زیاتر پشتی به‌هێز بێت و له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتی: "ئەوەی زیاتر پشتی عێراقی گرتووە ئەوەیە، ئەو بڕە یەدەگەی کە ھەیەتی نزیکەی ٦٠ ملیار دۆلاری لە بانکی مەرکەزی ھەیە، بەڵام ئەو یەدەگە ناکرێت تەنها بۆ مووچە بەکاربھێندرێت، چونکە ئەو یەدەگانە لەلایەن سیاسەتی نەختینەیی دادەڕێژرێت و بانکی ناوەندی دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە، بۆیە ئامانجی ستراتیجی ئەوەیە کە نرخەکان جێگیر بکات بەتایبەتی دینار بەرامبەر بە دۆلار، هه‌روه‌ها بەپێی دوایین لێدوانی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، عەلی عەلاق دەڵێت ئێمە مووچەی نۆ مانگمان ئامادەیە، واتا ساڵی ٢٠٢٠ کێشەی مووچەمان نابێت، بەڵام ئەگەر ساڵی ٢٠٢١ نرخی نەوت ھەروا بەردەوام بێت ئەوا بە دڵنیایییەوە رەنگە کێشەیەکی گەورە بۆ عێراق دروست بکات، بەڵام زۆربەی شارەزایان پێشبینی ئەوە دەکەن نرخی نەوت لە مانگی ئاب بەدواوە بەرەو بەرزبوونەوە بچێت، بەھۆی نەمانی 'ڤایرۆسی کۆرۆنا' و کاڵبوونەوەی ململانێی نێوان سعوودیە و رووسیا، بۆیە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ھاتووەتە سەر ھێڵ لەگەڵ سعوودیە و پێشبینی دەکەین نرخی نەوت تا مانگی ئاب بۆ ٥٠ دۆلار بەرزبێتەوە''.

دكتۆر سه‌باح سابیر خۆشناو له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت به‌رزنه‌بووه‌وه‌ و هه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ ئێستا مایه‌وه‌ گوتی: ''ئەگەر نرخی نەوت ھەروا بێت ئەوا ساڵی داھاتوو عێراق تووشی داڕمان دێت و دەبێت چاکسازییەکی ریشەیی بکات لە بابەتی مووچەخۆراندا، فرە جۆریشی بکات بۆ ئەوەی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی په‌ره‌ پێ بدات، ئێستا زیاتر لەسەدا ٩٠ی داھاتی عێراق پشتی بە نەوت بەستووە و ئەمەش ئاڵنگارییەکی زۆری دەوێت، چونکە ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەرییەکی نەرێنی دروستکرد لەسەر پیشەسازی، بۆ نموونه‌ وڵاتی چین سەدا ٢٠ی کۆی پیشەسازی جیھان پێکدێنێت و سەدا ٥٠ی تووش پووکانەوەی کرد، ھەر بۆ زانیاری، وڵاتی چین رۆژانە ١٣ ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ پیشەسازییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت، دەتوانین بڵێین چین حەوت تا ھەشت ملیۆن بەرمیل خواستی کەم بووەوە لە جیھاندا، ئەمەش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی خواست ھەبوو، بەڵام ئێستا پیشەسازی چین بەرەو کرانەوە دەچێتەوە و بەمەش رەنگە نرخی نەوت بەرزبێتەوە''.

پرۆفیسۆری دارایی گشتی یاریدەدەر، دكتۆر سه‌باح سابیر خۆشناو گوتیشی: ''بە دڵنیایییەوە کاریگەری لەسەر کەرتی ئابووری ھەیە و جومگە سەرەکییەکانی ژیان راوەستاوە، رۆژ بە رۆژ قورستر دەبێت ئێستا گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردەم مرۆڤدا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە چونکە کاریگەری لەسەر بەرھەمھێنان دروستکردووە، بۆیە رەنگە لە کۆتایی ئەمساڵ ئابووری بەرەو باشتر بچێت''.









بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın