Zana Natık Kerem
24 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2017
نیۆیۆرك ــ AA
هەریەك لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس بە توندی ئەو هێرشە تیرۆریستییەیان سەركۆنە كرد كە مزگەوتێكی لە پارێزگای باكووری سینا كردە ئامانج، كە بە هۆیەوە تا ئێستا، ٢٣٥ كەس كوژران و ١٠٩ی دیكەش بریندار بوون و داوایان كردە كە تاوانبارانی هێرشەكە بدرێنە دادگا.
لە بەیاننامەیەكدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئاماژەی بەوەداوە كە بە توندی ئەو هێرشە تیرۆریستییە سەركۆنە دەكات كە كرایە سەر مزگەوتی رەوزەی شاری عەریش ناوەندی پارێزگای باكووری سینا.
سكرتێری كشتی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای كردووە كە گرنگە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە ترسنۆكە بە زووترین كات بدرێنە دادگا.
لای خۆیەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و باڵیۆزی ئیتاڵیا، سیباستیانۆ كاردی رایگەیاندووە، ئەو رووداوە دڵتەزێنانە كە جیهان رووبەڕووی دەبنەوە، گرنگی بوونی هاوكاری نێودەوڵەتی بۆ بەرنگاربوونەوەی تیرۆر دووپات دەكاتەوە.
لە بەیاننامەیەكدا، سیباستیانۆ كاردی بە ناوی خۆی و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بە هۆی هێرشە تیرۆریستییەكە، سەرەخۆشی ئاراستەی حكوومەتی میسر و كەسوكاری قوربانیانی هێرشە تیرۆریستییەكە كردووە و هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ بریندارەكان خواستووە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جەختی كردووەتەوە كە گرنگە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە تیرۆریستییە بدرێنە دادگا.
سیباستیانۆ كاردی هانی سەرجەم وڵاتانی داوە كە بە پێی پابەندبوونیان بە یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەكانی ئاسایشی نێودەوڵەتی هاوكاری حكوومەتی میسر بكەن لە بواری بەرنگاربوونەوەی تیرۆر.
پێشتر ئاژانسی هەواڵیی فەرمی میسر بڵاوی كردبوویەوە كە لە كاتی نوێژی هەیندا، كردەیەكی تیرۆریستی لە نزیك مزگەوتی رەوزەی شاری عەریش ناوەندی پارێزگای باكووری سینا روویدابوو و بە پێی دوایین ئامار تا ئێستا ٢٣٥ كەس كوژران و ١٠٩ی دیكەش بریندار بوون.
تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە تەقینەوەکە رانەگەیاندووە.