شیکردنەوە, عێراق

عێراق دوای سەردانەكەی كازمی بۆ واشنتۆن بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت؟ (هەڵسەنگاندن)

ــ هەوڵەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بۆ گێرانەوەی بڕیار و سەروەری بۆ دامەزراوەكانی دەوڵەت لەگەڵ هەژموونی ئێران لە عێراق، رووبەڕووی بەرهەڵستیی بووەتەوە.

Zana Natık Kerem  | 31.08.2020 - نوێکردنەوە : 01.09.2020
عێراق دوای سەردانەكەی كازمی بۆ واشنتۆن بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت؟ (هەڵسەنگاندن)

  AA

عێراقییەكان بە یارمەتی ئەمریكا لە رێگەی هەوڵەكانی سەرۆكوەزیران مستەفا كازمی بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێن كە لە هەژموونی ئێران رزگاریان بێت.

لە كاتی بەردەوامبوونی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە هەنگاونانی زیاتر بە ئامانجی گێرانەوەی سەروەری كە بەشێكی زۆری پەیوەستە بەو لایەن و گرووپە چەكدارانەی شیعە كە نزیك بە ئێرانن، ئەوا دوو بژاردەی لە بەردەمدایە، رووبەڕووبوونەوە یان دامركاندنەوە.

مستەفا كازمی پەیامی زۆری هۆشداری ئاراستە كراوە لە هەوڵەكانی بۆ بێبەشكردنی گرووپە چەكدارە شیعەكان نزیك لە ئێران لە دەستكەوت، هەژموونیان لە بەشێكی زۆری بڕیارەكانی دەوڵەتی عێراق لە رووی ئەمنیی، سەربازیی، ئابووریی و هەروەها سیاسییش.

لە شەشی تەمووزی رابردوودا، كەسانێکی نەناسراو شارەزای بواری ئەمنیی، هیشام هاشمی-یان تیرۆر كرد كە كەسێكی نزیكی مستەفا كازمی بوو و بۆ ماوەیەكی زۆر پێكەوە كاریان كردبوو، هاوكات دەستی تۆمەت لە تیرۆركردنی هیشام هاشمی بۆ یەكێك لە گرووپەکانی شیعە درێژ كرا.

لەم مانگەوە، كردەی تیرۆركردن دژبە چالاكوانانی خۆپیشاندانەكان ئەنجام دەدرێت كە تا ئێستا ژمارەیەك لە چالاكوانان تیرۆركراون، ئەوەیش بە ئامانجی شڵەژاندنی رەوشی ئەمنی و تەحەداكردنی توانا و هەوڵەكانی مستەفا كازمی لە رووبەڕووبوونەوەی گرووپەکانی شیعە، جگە لەوەیش مستەفا كازمی وەك كەسێكی سەربەخۆ لە حكومڕانییدا خۆی نیشان داوە و خۆی سەربە هیچ پارتێك هەژمار نەكردووە كە ئەوەیش یەكێكە لە داواكارییە سەرەكییەكانی خۆپیشاندەران.

ئێران لە میانی سەرپێچیكردنی سزاكانی ئەمریكادا، هەژموونی هاوپەیمانەكانی و بوونی گەندەڵی لە دامەزراوەكانی عێراقدا بە ئامانجی بەدەستهێنانی دەستكەوتی ئابووری و دەستكەوتی دیكە بە نایاسایی قۆستووەتەوە بە تایبەتیش كە عێراق كارەبا و غاز بۆ وەگەرخستنی وێستگەكانی كارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەكات.

لەئێستادا عێراق بە سەرچاوەی بوژانەوەی ئابووریی ئێران دادەندرێت بە تایبەتیش كە لەئێستادا، ئێران رووبەڕووی ئەو سزایانە بووەتە كە لە چواری تشرینی دووەمی 2018دا، لەلایەن ئەمریكاوە بەسەریدا سەپێندراوە.

ــ رزگاربوون لە هەژموونی ئێران

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە میانی سەردانەكەی بۆ تاران كە لە 21ی تەمووزی رابردوودا ئەنجامی دا، بە سەركردەكانی ئێرانی راگەیاندبوو كە عێراق دەوێت پەیوەندییەكی هاوسەنگی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دیكە هەبێت، ئەوەیش لەبری كاركردن لەگەڵ ئەو هێزانەی كە كاردەكەن بۆ لەناوبردنی هەوڵەكانی بناتنانەوەی دەوڵەتی عێراق.

مستەفا كازمی بە قۆناغبەندی هەوڵ دەدات عێراق لەژێر هەژموونی گرووپەکانی شیعە و لایەنە سیاسییەكانی نزیك لە ئێران دەربهێنێت و جگە لەوەیش هەوڵ دەدات عێراق لە ناكۆكی و ململانێیەكانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی دوور بخاتەوە.

وێرای ئەوەی ئێران هەڵوێستێكی روونی لە حكوومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی بەدی نەكردووە، بەڵام بێ گومان وا تەماشای مستەفا كازمی دەكات كە هەڕەشە بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئێران لە عێراق دروست دەكات، چی لە رێگەی گرتنەبەری رێوشوێن بێت دژبە گرووپەکانی شیعە نزیك لە ئێران یان كرانەوەی ئابووری بە رووی وڵاتانی دیكەدا، ئەو هەوڵانەیش كە مستەفا كازمی بۆ گێرانەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت و دەرهێنانیان لەژێر هەژموونی هاوپەیمانەكانی ئێران خستووەتەگەڕ.

بەر لە سازكردنی قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان واشنتۆن و بەغدا، هاوپەیمانەكانی ئێران، هێرشەكانیان دژبە بەرژەوەندی و هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق زیاد كرد، ئەوەیش وەك هەوڵێك بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر مستەفا كازمی تا سنوورێك بۆ پاڵپشتیكردنی لە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دابنێت.

وەك ئەوەی شیکردنەوەی بۆکراوە مستەفا كازمی درك بەوە دەكات كە تا ماوەیەكی نزیك ناتوانێت دەستبەرداری هێزی سەربازیی ئەمریكا بێت لە عێراق بە تایبەتیش كە هێشتا هەڕەشەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بەردەوامە و كردە تیرۆریستییەكانی رێكخراوەكەیش لە ژمارەیەك ناوچەی عێراق زیادی كردووە و هێزە ئەمنییەكانیش لە رووی زانیاری هەواڵگریی، مەشق، راوێژكاریی و پڕچەككردن پێویستیان بە پاڵپشتیكردنی هێزەكانی ئەمریكا هەیە.

گرووپە چەكدارەكان كە گومان دەكرێت سەربە گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران بن، بەر لە سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ واشنتۆن، شەش هێرشی مووشەكی و پێنج هێرشی دیكەیان بە بۆمبی چێنراو دژبە بەرژەوەندی و هێزەكانی ئەمریكا لە ماوەكانی 12 و 19ی ئەم مانگەدا، ئەنجامدابوو.

ژمارەیەك لەو هێرشانە لە میانی سەردانەكەی فەرماندەی فەیلقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی بۆ بەغدا لە 16ی ئەم مانگە و كۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا كازمی ئەنجامدرابوون.

ئیسماعیل قائانی لە 16ی ئەم مانگە سەردانی بەغدای كردبوو و بۆ تاوتوێكردنی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان بەغدا و واشنتۆن لەگەڵ مستەفا كازمی كۆببوویەوە و بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان لە كۆبوونەوەكەدا، سەبارەت بە داوكاری ئێران بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق گفتوگۆكرابوو.

ــ بەرەنگاربوونەوەی داعش

لە 11ی مانگی حوزەیرانی رابردوودا، عێراق و ئەمریكا دەستیان بە سازكردنی گفتوگۆی ستراتیجیی كرد و یەكەم قۆناغی گفتوگۆكەیش لە بەغدا سازكرا.

لە یەكەم قۆناغی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمریكا سەبارەت بە كۆمەڵێك تەوەر بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا لەوانە ئاسایش، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئابووری، وزە و بابەتە سیاسیی و كولتوورییەکان.

قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمریكا لە 19ی ئەم مانگە لە واشنتۆن سازكرابوو كە لە میانیدا جەخت لەسەر شەراكەتی ستراتیجیی درێژمەودای نێوان هەردوو وڵات كرایەوە ئەویش لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری عێراق و بەڵێنی بەغدا بۆ پاراستنی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە عێراق.

لە قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتجییدا، ئەمریكا پابەندبوونی خۆی دووپات كردەوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەكانی لەگەڵ عێراق لە میانی هەماهەنگیی ئەمنی دووقۆڵیی و هاوكاریكردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان عێراق بۆ شكستهێنان بە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و جەختی كردبووەوە كە بەردەوام دەبێت لە مەشق و پاڵپشتیكردنی هێزە عێراقییەكان.

لە میانی قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتجییدا، هەردوولا رێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، دوای ئەو سەركەوتنانەی كە هەردوو وڵات لە قۆناغی یەكەمی شەڕی دژبە داعش بەدەستیان هێناوە، لەگەڵ مانەوەی بەشێك لە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بۆ مەشق و پێشكەشكردنی زانیاری هەواڵگریی بە هێزەكانی عێراق.

سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ بەر لەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی كۆببێتەوە لە 20ی ئەم مانگە، رایگەیاندبوو كە ژمارەیەكی كەمی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق ماون، بەڵام بوونی ئەو سەربازانە لە عێراق بۆ یارمەتیدانە، ئەگەر ئێران هەر كارێكی نەشیاو ئەنجام بدات.

دوای گەڕانەوەی لە واشنتۆن میدیاكانی عێراق لە زاری مستەفا كازمی بڵاویان كردبووەوە، سەرۆكی ئەمریكا ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە لە میانی سێ ساڵی داهاتوودا، هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكشێنێتەوە و لە دەرەوەی عێراق جێگیریان دەكات، بەڵام ژمارەیەكی كەمی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق بۆ مەشق و پێشكەشكردنی زانیاری هەواڵگریی بە هێزە ئەمنییەكان لە عێراق دەمێننەوە.

ئەگەر هێزەكانی هاوپەیمانی ئێران وا پێشبینی دەكەن كە ئەوەی مستەفا كازمی لە ترەمپ گواستووەتەوە دەستكەوتە بۆ ئەوان، وێرای ئەوەی لە هیچ راگەیەندراوێكی هاوبەشدا ئاماژەیان پێ نەكردووە، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەمریكا لە میانی سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ واشنتۆن، دان پێدانانێكی فەرمی عێراقی سەبارەت بە گرنگی بوونی سەربازیی ئەمریكا لە عێراق، بەدەست هێنا، جگە لەوەیش وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، مایك پۆمپیۆ جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە هێزەكانی وڵاتەكەی لە عێراق دەمێننەوە تا ئەو كاتەی ئەركەكانیان كۆتایی دێت.

پێدەچێت مستەفا كازمی یارمەتیدانی بۆ رزگاركردن و دەرهێنانی دەوڵەتی عێراق لە هەژموونی ئێران لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا تاوتوێ كردبێت، بەڵام ئەو پرسە بەرپرسانی ئەمریكا یان عێراق لە لێدوان و بەیانی كۆتایی قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجیی ئاماژەیان بۆ نەكردووە.

ــ بنتانانی عێراقێكی نوێ

ئەگەر ئەو رێوشوێنانەی كە مستەفا كازمی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە كەرتەكانی ئەمنی و ئابووری گرتوویەتەبەر سەربكەوێت، ئەوا بنتانانی عێراقێكی نوێی لێ دەكەوێتەوە كە خاڵییە لە هەژموونی دەرەكی یان هەژموونی گرووپە چەكدارە شیعەكان.

بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی گرووپە چەكدارەكانی شیعە، ئەوا پێویستە مستەفا كازمی توانای هێزەكانی دژەتیرۆر پتەوتر بكات، چونكە ئەو هێزانە لەلایەن ئەمریكاوە پێكهێنراوە و مەشقیشیان پێ كراوە، تەنانەت هەر لەلایەن ئەمریكاوە پڕچەككراون، جگە لەوەیش ئەو هێزانە لە شەڕكردندا، شێوازی سەربازانی ئەمریكا بەكاردەهێنن كە بە پاڵپشتی ئەمریكا دەتوانن بەرەوڕووی ئەو گرووپە چەكدارانە ببنەوە، لەوانەیە ئەو پرسە لەنێوان مستەفا كازمی و ئیدارەی ئەمریكادا گفتوگۆی لەسەر كرابێت.

ئەستەمە مستەفا كازمی لەسەر داوای ئەمریكا دژبە گرووپەكانی شیعە هیچ هەنگاوێك بنێت لە كاتێكدا ئەمریكا بە روونی رایگەیاندووە كە لە میانی سێ ساڵی داهاتوودا، هێزەكانی لە عێراق دەكشێنێتەوە و تا ئەو ماوەیە ناتواندرێت توانای هێزە ئەمنییەكانی عێراق پتەوتر بكرێت تا دەسەڵاتی دەوڵەت بسەپێنن بڕیاری سەروەریی وڵاتیش بگێرنەوە.

مستەفا كازمی بۆ چەند ئامانجێك كار دەكات لەوانە گێرانەوەی سەروەری بۆ دامەزراوەكانی دەوڵەت، چەك تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت، رێگەگرتن لە هێرشكردنە سەر هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەڵەتیی دژبە داعش، رێگەگرتن لە كردەكانی تیرۆركردن دژبە چالاكوانانی خۆپیشاندەران و ئەو كەسانەی كە دژبە هەژموونی ئێرانن لە عێراق.

هاوكات هەوڵەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە گێرانەوەی سەروەری بۆ دامەزراوەكانی دەوڵەت و بوونی هەژموونی ئێران لە عێراق رووبەڕووی بەرهەڵستی بووەتەوە.

لەوانە بەرهەڵستی ئێران لە رێگەی هاوپەیمانەكانی، ببێتە هۆی رووبەڕووبوونەوەی چەكداری لەنێوان هێزە ئەمنییەكانی عێراق و گرووپە شیعەكان كە بەم دواییانە هێرشەكانیان دژبە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بەڕابەرایەتی ئەمریكا زیادی كردووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın