Mazın Asad
01 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2016
پەرلەمانی تورکیا
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا جەنەراڵ جۆزێف دانفۆرد سەردانی ئەو شوێنانەی لە پەرلەمان کرد کە لە شەوی ھەوڵی ئەنجامدانی کودەتاکەی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی بۆردومان کرابوو.
دانفۆرد بەشێوەیەکی سوپرایز لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا خولوسی ئاکار سەردانی پەرلەمانی تورکیایان کرد و لە لایەن سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئیسماعیل قارەمان پێشوازی لێکران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، دانفۆرد لە سەردانەکە خەمباری بۆ بۆردومانکردنی پەرلەمانی تورکیا دەربڕی و سەرەخۆشی ئاراستەی گەلی تورکیا کرد.
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا و ئەمریکا ساڵانێکە دۆستن و لەمەودواش ئەو دۆستایەتییە درێژەی دەبێت راشیگەیاند کە کراوەبوونی پەرلەمان لەکاتی بۆردومانەکە و ئامادەبوونی پەرلەمانتاران لەو کاتەدا ھێمای بوێرییەکی گەورە بووە.
دانفۆرد لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا سەردانی ھۆڵی پەرلەمان و ژووری سەرۆکوەزیرانی لە پەرلەمان کرد کە زیانیان پێگەیشتووە و زانیاری لەوبارەیەوە لە بەرپرسان وەرگرت.
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا لەکاتی سەردانەکەی بۆ پەرلەمان، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی مستەفا ئەلیتاش و ناجی بۆستانجی و سکرتێری گشتی پەرلەمان مەھمەت عەلی کومبوزئۆغڵو بەشدار بوون.
ھاوکات لە سەردانەکەدا باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە جۆن باسیش ئامادە بوو.