Sarmand Hameed
22 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2017
ریاز - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن ستایشی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سعوودیە و هەروەها پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق کردەوە و جەختی لە گرنگی پەرەپێدان ئەو پەیوەندییانە کردەوە.
ئەم لێدوانەی رێکس تیلەرسن لە میانی گوتەیەكدا هات كە لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەماهەنگی سعوودیە-عێراق پێشكەشی كرد.
تیلەرسن ئاماژەی بەو دەستکەوتانە کرد کە حکوومەتی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەدەستی هێناون و روونی کردەوە کە "عێراق پێویستی زۆر بە دووبارە بنیاتنانەوە و بەهێزکردنی سەقامگیری هەیە".
تیلەرسن پێشوازی لە دروستکردنی ئەنجوومەنی هەماهەنگی سعوودیە-عێراق کرد کە کاردەکات بۆ چاکسازی و بوژاندنەوەی کەرتی تایبەت بەمەش هانی وەبەرهێنان و هەوڵەکانیان دەدات بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوە لە عێراق وەک ئەو ئاماژەی پێ کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەنجوومەنی هەماهەنگی سعوودیە-عێراق لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات و ناوچەکەدایە بە گشتی و جەختی لە پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ هەماهەنگی بەردەوام لەنێوان سعوودیە و عێراق کردەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوکەدا واژوو لەسەر کۆنووسی پێکهێنانی ئەنجوومەنی هەماهەنگی سعوودیە-عێراق کرا کە هەر یەک لە وەزیری بازرگانی و وەبەرهێنانی سعوودیە، ماجد بن عەبدوڵڵا قەسەبی و وەزیری پلاندانان و وەزیری بازرگانی عێراق، سەلمان جومەیلی واژوویان لەسەر کۆنووسەکە کرد.
دوێنێ شەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای حكوومەتەكەی بە سەردانێك گەیشتە سعوودیە.
هەر ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی و شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعود و بە بەشداری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رێكس تیلەرسن یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەماهەنگی نێوان عێراق و سعوودیە بەڕێوەچوو.