ozhin jolla
11 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2021
کەرکووک - AA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری بازرگانیی عێراق، عەلا ئەحمەد جبوری سەردانی پارێزگای کەرکووکی کرد و بنکەیەکی نوێی خۆراکی لە شارەکە کردەوە و دواتر لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت کۆبووە.
عەلا ئەحمەد جبوری دوای کردنەوەی بنکەیەکی نۆیی خۆراک لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت، راکان جبوری کۆبووە و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا بەمیدیاکانی رايگەیاند "بەمەبەستی کارئاسانی بۆ ھاووڵاتییان و خزمەتکردنی زیاتری ھاووڵاتییان، بنکەیەکی نوێ خۆراکمان لە شارەکە کردەوە".
وەزیری بازرگانی عێراق گوتیشی: "بڕیارمانداوە چارەسەری ریشەی بۆ کێشەی جووتیاران بدۆزینەوە".
عەلا ئەحمەد جبوری هەروەها گوتیشی: "لەسەرتاسەری عێراق بەھۆی زۆربوونی ژمارەی ھاووڵاتییان، کێشەی کەمی بنکەی خوراکیمان ھەیە، بۆیە بڕیاری زیادکردنی بنکەکانی خوراکیماندا و لەئێستادا ھەوڵی بەئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەی ھاووڵاتییان دەکەین بۆ ئەوەی قەرەباڵغی فەرمانگەکانی سەربە وەزارەت کەمبێتەوە و مامەڵەی ھاووڵاتییانیش خێراتر بکرێت".
وەزیری بازرگانیی عێراق، عەلا ئەحمەد جبوری لەبارەی کێشەی شایستە داراییەکانی ھاووڵاتییان، باسی لەوەکرد کە تا ئێستا لەسەدا ٥٠ی شایستە داراییەکانی جووتیارانی کەرکووک دابەشکراوە و بڕیارە لە ماوەی دوو ھەفتەی داھاتوودا، ٢٦١ ملیاری دیکە دابەش بکرێـت بەسەر جووتیاران و کێشەی شایستە داراییەکان لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و تکریت بوونی ھەیە و لەئێستادا لە ھەوڵی ئەوەداین چارەسەرێکی ریشەیی بۆ جووتیارانی ئەو چوار پارێزگایە بدۆزرێتەوە، چونکە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئەو کێشەیەمان نییە.
دواتر پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت، راکان جبوری رایگەیاند کە بەشێک لە جووتیارانی شارەکە ماوەی حەوت ساڵە، شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە و ساڵانە ھەمان کێشە بۆ جووتیاران دووبارە دەبێتەوە.