Sarmand Hameed
19 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق تا ئێستا ٢٠٠ ملیارەکەی بۆ مانگی تشرینی دووەم نەناردووە، ئەمەش وایکردووە دابەشکردنی مووچە تا رادەیەک خاوبێتەوە.
لەو راگەیەندراوەی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، هاتووە "بەداخەوە وەزارەتی دارایی عێراق ٢٠٠ ملیار دینارەکەی کە وەک سلفە بۆ تەواوکاری دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەکاردەهێنرا، هەرچەنده بەپێی یاسای بوودجەی عێراقی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢١ دەبوو لەو بڕە زیاتری بناردایە، بەڵام بۆ مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ تا ئەمرۆ ١٨ی کانوونی یەکەم ٢٠٢١ ئەو بڕەشی نەناردووە، بۆیە دابەشکردنی مووچە تا ڕادەیەک خاوبووەتەوە".
وێڕای ئەوەی لە ٢٥ی مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگە کرا، بڵام تاوەکو ئێستا بەشێک لە وەزارەتەکان مووچەی ئەو مانگە (تشرینی یەکەم) یان وەرنەگرتووە و لەمبارەیەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "بۆ ئەوەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی شارەوانی و گەشتوگوزار، کارەبا، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەریی، خانەنشینی سەربازیی و شارستانی زیاتر دوانەکەوێت، بڕیارماندا لە داهاتی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ خەرج بکرێت".