Ebru Şengül Cevrioğlu
11 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2021
ئیزمیر- AA
بەرمیلێک خاوی برێنت بە ٦٨ دۆلار و ٣١ سەنت لە بازاڕەکانی جیهاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت.
دوێنێ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٦٨ دۆلار و ٤٢ سەنت و رۆژەکەی بە ٦٧ دۆلار و ٩٠ سەنت تەواو کرد.
کاتژمێر ٠٩:٢٤ی ئەمڕۆ، نرخەکان بە رێژەی سەدا ٠،٦ هەڵکشانیان بەخۆوەبینی و بەرمیلێک نەوتی برێنت بە ٦٨ دۆلار و ٣١ سەنت فڕۆشرا.
لە هەمان کاتدا بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بە ٦٤ دۆلار و ٨٩ سەنت مامەڵەی پێوە کرا.
بەرەوپێشچوونی هەڵمەتەکانی وەرگرتنی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا بەتایبەت لە ئەمریکا، رۆڵی هەبووە لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت.
هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکان، پەسەندکردنی پاکێجە پێشنیازکراوەکەی تایبەت بە هاوکاریکردنی زیانلێکەوتوانی پەتای کۆرۆنایە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، واش چاوەڕوان دەکرێت رۆژی هەینی پاکێجەکە لەلایەن جۆ بایدن واژووبکرێت.
بەگوێرەی راپۆرتی فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو یەدەگەکانی بەنزینی ئەو وڵاتە ١١ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بەرمیل کەمیکردووە و بووە بە ٢٣١ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل بەنزین. لە کاتێکدا وا چاوەڕوان دەکرا یەدەگەکان ٣،٥ ملیۆن بەرمیل کەم بکات، ئەمەش وای کردووە خواست لەسەر سووتەمەنی زیاد بکات و نرخەکان بەرز ببنەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە زیادبوونی یەدەگەکانی نەوتی ئەمریکا، رێگرە لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان، هەر بەپێی راپۆرتی فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو یەدەگەکانی نەوتی ئەمریکا بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی ١٣ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل زیادیکردووە و گەیشتووەتە نزیکەی ٤٩٨ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل. لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا یەدەگەکانی نەوتی ئەو وڵاتە ٨٣٣ هەزار بەرمیل کەم بکات.