ئابووری

تورکش ئێرلاین ئۆفەری تایبەت بە گەشتیارانی سلێمانی دەدات

ـ بەڕێوەبەری بریکاری سەرەکی کۆمپانیای تورکش ئێرلاین لە سلێمانی، کۆچەر ستار: "نرخی بلیتی گەشتەکانیان زۆر دابەزاندووە، بە جۆرێک گەشتی چوون و گەڕانەوە بۆ ئیستانبوڵ بۆ ٢٧٠ دۆلار دابەزیوە لە کاتێکدا پێشتر ٣٧٠ دۆلار بووە"

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 07.02.2019 - نوێکردنەوە : 08.02.2019
تورکش ئێرلاین ئۆفەری تایبەت بە گەشتیارانی سلێمانی دەدات

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

دوای دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و ئیستانبوڵ، کۆمپانیای تورکش ئێرلاین بەردەوامە لە گەشتەکانی خۆی لە نێوان ھەردوولا و نرخی گەشتەکان لە نێوان سلێمانی و ئیستانبوڵ و شارەکانی تری ئەورووپا بەڕێژەیەکی زۆر بۆ گەشتیارانی سلێمانی دادەبەزێنێت.

بەڕێوەبەری بریکاری سەرەکی کۆمپانیای تورکش ئێرلاین لە سلێمانی، کۆچەر ستار لەو بارەیەوە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو پێشوازییە گەورەیەی خەڵک بۆ کۆمپانیای تورکش ئێرلاین و دەستپێکردنەوەی گەشتەکان جێگای خۆشحاڵی بوو، ئێمە پێشبینی ئەوەمان دەکرد دوای ماوەیەک ئەوکات بتوانین بچینەوە ناو بازاڕ و خەڵک، بەڵام خۆشبەختانە لە ماوەیەکی کەمدا فرۆشێکی زۆر لەسەر بلیتەکانی تورکش ئێرلاین ھەبوو".

کۆچەر ستار گوتی: "ئێستا کۆمپانیای تورکش ئێرلاین رۆژانە گەشتێکی ھەیە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی-یەوە بۆ ئیستانبوڵ و ھەفتانە حەوت گەشتی چوون و ھاتن ھەیە".

ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی گەشتەکان و لە دوو گەشتی سەرەتادا ژمارەی گەشتیاران و ئەو کەسانەی لە رێگەی کۆمپانیاکەوە گەشتیان کردووە کەم بووە، بەڵام لەئێستادا رۆژانە زیاتر لە ١٠٠ کەس لەو رێگەیەوە گەشت دەکەن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە باس لەوە دەکات، بە ھۆی زۆری داواکاری گەشتەکانی تورکیاوە، داوایان لە بەرپرسانی کۆمپانیای تورکش ئێرلاین کردووە گەشتەکان لە نێوان سلێمانی و ئیستانبوڵ بۆ دوو گەشت لە رۆژێکدا زیاد بکرێت و چاوەڕوانی وەڵامی بەرپرسانی سەروو خۆیان دەکەن لەو بارەیەوە.

کۆچەر گوتی: "گەشتەکانمان لە رێگای ئیستانبوڵەوە بەرەو ھەموو وڵاتانی جیھانە، پلانمان داناوە و داواشمان کردووە ژمارەی گەشتەکانمان بۆ زیاد بکەن و ھاوشێوەی پێش راگرتنی گەشتەکان بکرێتەوە بە ١٤ گەشت لە ھەفتەیەکدا، چونکە ئەوەی دەیبینین بەرەو وەرزی گەشتوگوزار ھەنگاودەنێین و خەڵکێکی زۆر بۆ گەشتوگوزار گەشت دەکەن بۆ شارەکانی تورکیا و جموجوڵی نێوان ئەورووپا و ھەرێمی کوردستان-یش زیاتر دەبێت".

سەبارەت بە نرخی گەشتەکان لە رێگەی کۆمپانیاکەوە، بەڕێوەبەری تورکش ئێرلاین لە سلێمانی گوتی: "کۆمپانیای تورکش ئێرلاین وەک قەرەبووکردنەوەی خەڵکی سلێمانی لەو ماوەیەی گەشتەکان راگیرابوون، ئۆفەری زۆر باشیان بۆ کردووین و نرخی بلیتی گەشتەکانیان زۆر دابەزاندووە، بە جۆرێک گەشتی چوون و گەڕانەوە بۆ ئیستانبوڵ بۆ ٢٧٠ دۆلار دابەزیوە لە کاتێکدا پێشتر ٣٧٠ دۆلار بووە، ھەروەھا چەند ئۆفەرێکی باشیان لە شارەکانی ئەورووپاوە بۆ چون و گەڕانەوە داناوە کە بلیتی گەشتەکان لەو شارانەوە نزیکەی ٦٨٠ دۆلار دەبێت کە پێشتر ھەزار دۆلار بووە، ئەوەش بۆ ھێڵێکی پێنج ئەستێرەی وەک تورکش ئێرلاین پارەیەمی زۆر کەمە".

رۆژی ٢٦ی مانگی رابردوو دوای ھەڵگرتنی قەدەغەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و بە بڕیاری حکوومەتی تورکیا یەکەم گەشتی نێوان ئیستانبوڵ و فڕۆکەخانەی سلێمانی لە رێگەی کۆمپانیای تورکش ئێرلاین ئەنجامدرا.

قەدەغەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی نزیکەی ١٦ مانگی خایاند و دوای ھەڵسەنگاندنەکانی حکوومەتی تورکیا، بڕیاردرا بە ھەڵگرتنی قەدەغەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın