Ozhin Jola
01 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2020
کەرکووک - AA
بەڕێوبەری کشتوکاڵیی کەرکووک، زوھەیر عەلی حسێن لەسەر بڕیارەکەی وەزیری دادی عێراق سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ساڵی ٢٠١٢ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە ھەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور کە بەگوێرەی بڕیارەکە بەشێکی زۆر لە زەوی کشتوکاڵیی جووتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری ماددەی ١٤٠ دران بە ھاووڵاتییانی عەربی ھاوردە راگەیاند کە تا ئێستا ئەو بڕیارەی وەزیری دادیان بەدەست نەگەیشتووە و تا بەدەستانیش نەگات ناتوانین کاری پێ بکەن.
زوھێر عەلی حسێن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێم وانییە ئەو بڕیارەی وەزیری داد کێشەی زەویە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک چارەسەر بکات، چونکە ئەو کێشانە دێنە بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵیی کەرکووک و ئێمەیش لەسەر بنەمای بوونی تۆمارە فەرمییەکانمان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین و بڕیارەکانی دادگا و دادوەرەکان ئەو زەویە کێشەلەسەرانە چارەسەر دەکات".
بەڕێوبەری کشتوکاڵیی کەرکووک ئاماژە بۆ ئەوەیش دەکات کە ئەوان وەکو کشتوکاڵی کەرکووک لەسەر رێنمایی و بڕیارەکانی دەستەی گشتیی زەویە کشتوکاڵییەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ کار دەکەن و بەپێی تۆمارەکانی بەڕێوبەرایەتییەکە و راوێژ بە دەستەی گشتیی زەویە کشتوکاڵییەکان دەکەن، چونکە تۆمارەکان بەگشتی لەلای ئەواندا تۆمار کراون.
پێشتر وەزارەتی دادی عێراق بڕیاریدابوو بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستە كشتوكاڵییانەی كە لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچەكانی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق واژووكراون و گەڕاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكان بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان.
لە نووسراوێكی وەزارەتی دادی عێراق كە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی جێبەجێكردن لە پارێزگاكانی نەینەوا، سەڵاحەددین، كەركووك، دیالە، نەجەف، كەربەلا و ئەنبار كرابوو، تیادا هاتبوو"پشت بەستن بەوەی لە بڕگەی (چوار/1) لە بڕیاری لیژنەی جێبەجێكردنی بەندەكانی ماددەی 14ی دەستووری كۆماری عێراق بۆ ساڵی 2005 هاتووە كە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستە كشتوكاڵییانەی كە لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچە جێناكۆكان كە ماددەی 104ی دەستوور دەیانگرێتەوە بە تایبەتیش لە سنووری پارێزگای كەركووك بڕیاردرا بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستانە و گەڕاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكان بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان".
لە نووسراوەكەدا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرابوو كە هەرچی پێویستە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە بیگرنەبەر تا ئەو كاتەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری تایبەت بە چارەسەركردنی ئەو كێشە دەردەكات.