Tuğçenur Akgün
18 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2023
نیویۆرک - AA
کۆشکی سپی رایگەیاند، درێژکردنەوەی رێککەوتننامەی رێڕەوی دانەوێڵەی دەریای رەش کارێکی باشە.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەیک سولیڤان لەو فڕۆکەیەی کە سەرۆکی ئەمەریکا، جۆ بایدن-ی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی گرووپی حەوت هەڵگرتبوو، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە،
جەیک سولیڤان ئاماژەی بەوە دا کە درێژکردنەوەی رێککەوتننامەی رێڕەوی دانەوێڵەی دەریای رەش کارێکی باشە و رایگەیاند کە بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی هەوڵەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی دانەوێڵە دەگاتە بازاڕەکانی جیهان.
هاوکات سولیڤان رایگەیاند، ئەگەرچی ماوەی رێککەوتننامەکە درێژکراوەتەوە، بەڵام رووسیا بەردەوامە لە ئاستەنگ خستنە بەردەم ئەو رێڕەوەی کە بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە بەکاردەهێندرێت.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەیک سولیڤان هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە جیهان شایەنی ئەو سەقامگیرییە کە بەردەوامیی رێڕەوی دانەوێڵە مسۆگەر دەکات و جەختی لەوە کردەوە کە بەم شێوەیە دەتوانرێت پێداویستیی وڵاتان بۆ خۆراک، بەتایبەتی وڵاتانی هەژار دەستەبەر بکرێت.
- هەڵبژاردنەکانی تورکیا
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەیک سولیڤان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار لە تورکیا، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەڵبژاردنی سەرکۆمار کەوتووەتە گەڕی دووەم و لەو هەڵبژاردنەدا هەر کام لایەن سەربکەوێت، لەگەڵ تورکیا بەردەوام دەبن لە کارکردن لەسەر کۆمەڵێک پرس.
گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت بوونی دیموکراسییەتی بەهێز لە تورکیا بەردەوام بێت، گەڕی یەکەم بەڕێوەچوو و لە گەڕی دووەمدا، هەر کامەیان سەرکەوت ئامادە دەبین کاری لەگەڵدا بکەین".