ئابووری, عێراق

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان: "ئەم مانگەش بە هەمان سیستمی پێشوو مووچە دەدرێت"

Hawkar Yaseen  | 12.04.2021 - نوێکردنەوە : 13.04.2021
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان: "ئەم مانگەش بە هەمان سیستمی پێشوو مووچە دەدرێت"

Arbil

هەولێر AA

شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ روونکردنەوەی وردەکاری رێککەوتننەکەی نێوان ھەولێر و بەغدا و چەسپاندنی لە یاسای بوودجەی گشتی عێراقدا، لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنەکانی دارایی، وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.

پاش کۆبوونەوەکەش لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی رۆژنامەوانەی جێگری حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی کە سەرۆکایەتی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی دەکرد، رایگەیاند: "لەکۆبوونەوەکەدا جێگرى سەرۆکی ئەنجوومەنى وەزیران ئاماژەى بەوەدا کە ئەم رێکكە‌وتنە‌ لەدەرئە‌نجامی کۆبوونەوەکان و لێکتێگەیشتنی نێوانمان بوو کە توانیمان بەڕاست و دروستی زانیارییەکان بگەیەنین و زۆر بە راشکاوانە گفتوگۆمان کرد لەسەر پرسەکانى تایبەت بەماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پرسی بودجە و داهات و خەرجییەکان وچۆنییە‌تی جێگیر كردنی بڕگە‌یە‌ك لە‌و یاسایە‌ كە‌ قابیلی جێبە‌جێ كردن بێت".

راشیانگەیاندووە: "وە‌ك حکوومەتى هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆمان دەربڕیوە بەجێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە ولایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كانیشمان راسپاردووە‌ بۆ ئە‌و مە‌بە‌ستە‌".

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، لوقمان وەردی لە لێدوانێکی تایبەتدا له‌وباره‌یه‌وه‌ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "ئێمە تەقدیری هەوڵەکانی شاندی دانوستانکار دەکەین، دەزانین ئەرکێکی گرانیان لەسەر شانبووە و رێکەوتنێکی باشیان کردووە، هەم لە رووە سیاسییەکەوە هەم لە رووە داراییەکەوە کە ئەگەر عێراق پیوەی پابەندبێت بەدڵنیایی ئەمڕۆ بۆ سێهەمجار حکوومەتی هەرێم دڵنیاییدا کە پێوەی پابەند دەبن، ئەمە دەبێتە دەستکەوتێکی باش یان لانیکەم بارسوکییەک دەبێت لەرووی داراییەوە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان".

لوقمان وەردی گوتیشی: "ئەو پرسیارانەی ئێمە هەمانبوو کە کۆی فراکسیۆنەکان کردیان ١٠٠ پرسیاربوو کە ئاراستەی سەرۆکی تیمی دانوستانکار کرا و هەر ١٠٠ پرسیارەکەشی وەڵام داینەوە، لە کۆبوونەوەکدا زیاتر جەخت لەسەر ئەوەکرایەوە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەران بەکوێ دەگات دوای ئەم رێککەوتنە ئایا لێبڕین بەردەوام دەبێت، چارەنووسی ئەو مووچانەی پێشتر پاشەکەوت کرا چی لێدێت، پرۆسەی چاکسازی پێویستە بەردەوامبێت لە هەرێمی کوردستان، هەوڵی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بدرێت بەتایبەت لەبواری کشتوکاڵ و پیشەسازی، بەگشتی پرسیارەکان لەو چوارچێوەیەدا کران".

دەربارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە و هەڵوێستی پەرلەمان دەربارەی رێککەوتنەکە، لوقمان وەردی رایگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی باش بوو بەشێوەیەکی گشتی بەڵام بڵێین خواستی ئێمە و ئامانجی هەرێمی کوردستان لەم رێککەوتنەدا هاتووەتە دی، وانییە، رێککەوتنێکی هاوسەنگە نە هەرێمی کوردستان تیایدا براوەی سەد لە سەدە نە عێراقیش تیایدا براوەی سەد لەسەدە، نە هیچ لایه‌كیشمان دۆڕاوین تیایدا، دەتوانم بڵێم رێککەوتنێکە هەردوولامان تیایدا سەرکەوتووین و هاوسەنگە، بۆ قۆناغی ئێستا هەرێمی کوردستان دەتوانێت سوودی لێ ببینێت".

لەبارەی ئه‌وه‌ی ئایا لێبڕینی مووچه‌ی فەرمانبەران به‌رده‌وام ده‌بێت یان کۆتاییدێت، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی رایگەیاند: "وەزیری دارایی بە دیاریکراوی و بە روونی و رەوانی وەڵامی داینەوە، ئەگەر پارە لە بەغداوه‌ بێت ئەوا چاودەخشێننەوە بە مەسەلەی لێبڕینی مووچە بەڵام لە ئێستادا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەگەیشتووە، ئێمەش وەک پەرلەمان جەخت دەکەینەوە هیچ پاساوێک بۆ بەردەوامبوونی لێبڕینی مووچە نەماوە لەسەر چەند بنەمایەک، یەکەم نرخی نەوت بەرز بووەتەوە، بەهای دیناری عێراق دابەزیوە و بەهای دۆلار بەرز بووەتەوە، ئەو پارەیەی کە ئێمە لە فرۆشتنی نەوت دەستمان دەکەوێت کە زۆرینەی داهاتی هەرێمی کوردستانە وای بۆ دەچم بتوانین ئەو کورتهێنانەی پێ پڕبکەینەوە و داهاتی خاڵە سنوورییەکانیش زیادیکردووە".

لوقمان وەردی گوتیشی: "ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئایا حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بەو رێککەوتنەوە یان نا، دڵنیاییان دا کە بەڵێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەد لە سەد پابەندی ئەو رێککەوتنەیە کە واژووی کردووە، جەختمان کردەوە کە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران کۆتایی بێت، لەماوەی رابردوودا فەرمانبەران بەرگەی ئەو دۆخە ناهەموارەیان گرتووە و یارمەتیدەری حکوومەت بوون بۆیە ئێستا دەبێت لێبڕین کۆتایی بێت، جەختیان لەوە کردەوە کە ئامانجی حکوومەتیش ئەولەویەت بۆ مووچەیە بەڵام هیچ پارەیەکیان لە بەغداوه‌ پێ نەگەیشتووە، بە مانایەکی دیکە تێیان گەیاندین کە بەڵێ ئەم مانگەش بە هەمان سیستمی پێشوو مووچە دەدرێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن