کۆڤید- ١٩

یەکەم کەس لە هەرێمی کورستان بە ڤاکسینی کۆرۆنا کوترا

- "یەکەم کەس لە هەرێمی کورستان کە ڤاکسینەکەی وەرگرت کارمەندێکی تەندروستی بوو بەناوی گۆران عوسمان باییز، تەمەنی ۳۳ ساڵە و لە بەشی چاودێری چڕی هەناسە کاردەکات".

Hawkar Yaseen  | 04.03.2021 - نوێکردنەوە : 05.03.2021
یەکەم کەس لە هەرێمی کورستان بە ڤاکسینی کۆرۆنا کوترا

Arbil

هەولێر - AA

دوای گەیشتنی پێنج هەزار ژەم ڤاکسینی سینۆفارمای چینی بۆ هەرێمی کورستان، بەیانی ئەمڕۆ پرۆسەی کوتان بە ڤاکسینەکە بۆ کارمەندانی تەندروستی لە هەولێر دەستیپێکرد و وەک یەکەم هەنگاویش ٢٠ کەس ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.

یەکەم کەس لە هەرێمی کورستان کە ڤاکسینەکەی وەرگرت کارمەندێکی تەندروستی بوو بەناوی گۆران عوسمان باییز، تەمەنی ۳۳ ساڵە و لە بەشی چاودێری چڕی هەناسە لە سەنتەری چارەسەری کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر کاردەکات.

گۆران عوسمان دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:"خۆشحاڵم کە یەکەم کەس بووم ئەو ڤاکسینەم وەرگرت، بەرلە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەو چڕییە لە کوردستان ئەو هەستەمان هەبوو کە دەبێت لە ریزی پێشەوەبین، ئەمڕۆش کە لێرەم هەستەکەم ئەو ماندووبوونەی لە ماوەی رابردوودا، چەشتمان ئەم ڤاکسینە کەمێک ماندووبوونمان کەم دەکاتەوە هەرچەند هیچ لە ئازارەکانمان ناگۆڕێ".

گوتیشی: "هیوادارم هەموو هاوڕێیانم بەبێ سڵەمینەوە و دوودڵی بێن ڤاکسینەکە بەکاربهێنن و گوێ بەو پرۆپاگەندانە نەدەن کە لە سۆشیاڵ میدیا دەکرێت و دەگوترێت ڤاکسینێکی خراپە".

یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە هەولێر کە پێویستی بە چاودێری چڕ و هەناسەدانی دەستکرد هەبوو، ئەم کارمەندە تەندروستییە چاودێری کرد کە ئەمڕۆ ڤاکسینەکەی پێدرا، لەو کاتەشەوە تا ئێستا لە هەمان سەنتەر لە ئەرکدایە و بەشی زۆری ئەو نەخۆشانەی بینیوە کە کۆرۆنا لەماوەی رابردوو هەراسانی کردوون.

بەپێی ئەو سیستەمە تەندروستییەی دانراوە هەر کەسێک کە ڤاکسیندەدرێت ١٥ خولەک دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە بۆئەوەی دڵنیابنەوە کە ڤاکسینەکە هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی لەسەری نەبووە، گۆران دوای ٢٠ خولەک لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە بۆ ئانادۆڵو دوا و و گوتی: "من زیاتر لە ٢٠ خولەکە ڤاکسینەکەم وەرگرتووە تا ئێستا هیچ نیشانەیەکی ئازار و تا و سووربوونەوەی شوێنی دەرزییەکەم نییە، ئەوە شتێکی باشە و ئینشائەڵڵا هەر بەو شێوەیەش دەبێت، دەمەوێت بە خەڵک بڵێم ناکرێت گوێ لە قسەی نازانستی بگرین دەربارەی شتێک کە چەندین مانگە زانست دوای کەوتووە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک، ئەمڕۆ کە ڤاکسینەکە هەیە ناکرێت بەقسەی چەند کەسێک شتەکە یەکسان بە سفربکرێت، هیوادارم تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان لێی بێبەش نەبێت".

دەربارەی ئەوەی چۆن و لەسەر چ بنەمایەک وەک یەکەم کەس دیارییکراوە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە، گۆران عوسمان گوتی: "شتێکی تایبەت نەبوو کە خشتەکە دانرا ئەو ٢٠ کەسەی کە ئەمڕۆ بڕیاردرا ڤاکسین وەربگرن وەک سوتفەیەک ناوی من وەک یەکەم کەس دەرچوو".

گوتیشی: "من شوێنی کارکردنم بەشی چاودێری چڕی هەناسەیە، ئەو شوێنەی کە بەهیچ شێوەیەک ناکرێت خۆت لە نەخۆشەکە لابدەیت شوێنێکە ژیانی نەخۆشەکە لەنێو دەستی تۆدایە، ئازارەکانی چرکە بە چرکە هەستپێدەکەیت، بۆیە چۆن لەو شوێنەدا سڵمان نەکردەوە لە ئیشکردن و خزمەتکردن ئەمڕۆش کە ڤاکسینەکەم وەرگرت بەبێ سڵکردنەوە هاتم".

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، دلۆڤان محەمەد دوای پێدانی ڤاکسین بە یەکەم کەس لە هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی رێکخست و رایگەیاند "وەک سەرەتای پرۆسەکە سێ شوێن ئامادەکراوە لە پارێزگای هەولێر، نەخۆشخانەی رزگاری، سەنتەری کۆرۆنا لە سۆران و لە کۆیە، ئەو سێ سەنتەرە سەرەتا بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەبێت بەتایبەت ئەوانەی لە نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا کاردەکەن و لە هێڵی پێشەوەی چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆرۆنادان، جگە لەو سێ شوێنەش ٦١ شوێنی دیکەشمان ئامادەکردووە بۆئەوەی ئەو کاتەی ڤاکسینەکانی دیکە گەیشتن بەماوەیەکی کەم بتوانین بەکاریبهێنین بۆ ئەو کەسانەی پێیان دەدرێت".

دلۆڤان محەمەد گوتی: "ئەمڕۆ پرۆسەکە دەستیپێکرد و بەردەوامیش دەبین، پشکی هەولێر لەو ڤاکسینەی تا ئێستا گەیشتووە، هەزار و ٣٦٠ ژەمە و بۆ هەر کەسێک دوو ژەمی پێدەدرێت، ئومێدیش دەکەین کاروانی داهاتووی ڤاکسین بە زووترین کات بگاتە دەستمان کە بڕیاروایە بەم نزیکانە ڤاکسینی ئەسترازینیکا بگاتە عێراق و هەرێمی کوردستان".

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر راشیگەیاند "هاووڵاتییان و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دڵنیادەکەینەوە ئەو ڤاکسینەی لەبەردەستماندایە جۆرەکەی زۆر باشە و وادەکات ژیانیان پارێزراوبێت و باشتر کارەکانیان ئەنجامبدەن".

ڤاکسینی سینۆفارمای چینی یەکێکە لەو ڤاکسینانەی کە ئێستا لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهان بەکاردێت، بەپێی تایبەتمەندی ئەم ڤاکسینە دەبێت هەر کەسێک دوو ژەم وەربگرێت و هەردوو ژەمەکەش ۲۱ رۆژیان لەنێواندا بێت، ڤاکسینەکە تەنیا بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە تەمەنیان لەنێوان ١٨ ساڵ بۆ ٦٠ ساڵدایە و لەو ساڵانە کەمتر یان زیاتر نابێت ڤاکسینەکەیان بۆ بەکاربهێندرێت.

ڤاکسینی سینۆفارما بۆ ئەو کەسانەش نابێت کە نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و ئەو کەسانەش کە هەستیاری خوێن یان هەستیاریان بەرامبەر هەندێک جۆری دەرمان و خواردن هەیە نابێت ئەم ڤاکسینە بەکاربهێنن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın