عێراق

وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبارەی دەستگیرکردنی گەورە تیرۆریستێکی داعشەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

- ئەو گەورە تیرۆریستە ناوی عەبدولناسر قارداش بووە و بڕیاربووە ببێتە شوێنگرەوەی ئەبوبەکر بەغدادی.

21.05.2020 - نوێکردنەوە : 23.05.2020
وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبارەی دەستگیرکردنی گەورە تیرۆریستێکی داعشەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

Iraq

بەغدا - AA

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق، لەبارەی گەورە تیرۆریستی داعش، عەبدولناسر قارداش کە دوێنێ دەستگیرکردنی راگەیەندرا، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

لە روونکردنەوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ناوی تەواوی تیرۆریستەکە؛ تەها عەبدولڕەحیم عەبدوڵڵا بەکر ئەلغەسانییە و لە دایکبووی ساڵی ۱۹٦۷ی شارۆچکەی تەلەعفەری سەربە نەینەوایە.

لە ساڵی ۲۰۰۷ بووەتە ئەندام لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە مووسڵ و تا کۆتایی ساڵ والی ناوچەی جزیرە بووە، لەو ماوەیەشدا کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆنی زۆری بۆسەر هێزە عێراقییەکان و هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجامداوە.

گەورە تیرۆریستی داعش، عەبدولناسر قارداش لە سەرەتای ساڵی ۲۰۱۰دا، جێگری والی ناوچەی باکوور بووە و لەسەر فەرمانی ئەبوبەکر بەغدادی کراوەتە والی ویلایەتەکانی باکوور.

عەبدولناسر قارداش لە ساڵی ۲۰۱۱دا لە دەرەوەی بەغدا چاوی بە ئەبوبەکر بەغدادی کەوتووە و بووەتە سەرۆکی پیشەسازی و گەشەپێدانی رێکخراوی داعش.

دواتر بەغدادی ناردویەتییە سووریا و ئەرکی کردنەوەی جبەخانەی چەک و تەقەمەنی پێسپاردەوە.

گەورە تیرۆریستی داعش، عەبدولناسر قارداش لە سووریاش بووەتە والی شارەکانی حەسەکە، دێرازۆر و رەققە و لە دوای کوژرانی گەورە تیرۆریست ئەبو محەمەد عەدنانی بووەتە یاریدەدەری ئەبوبەکر بەغدادی.

دواتر بووەتە بەرپرسی هێرشەکانی تایبەت بە داگیرکردنی عەینولعەرەب، تەدمور، حەلەب و دیمەشق، هەروەها رۆڵی هەبووە لە بەرهەمهێنان و گەشەپێدانی گازی خەردەل بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە عێراقییەکان و بەرپرسی تەواوی کارە ئیدارییەکان و چالاکییەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنان بووە.

دوێنێش دەستگیرکردنی عەبدولناسر قارداش لە ئۆپەڕاسیۆنێکی دەزگای هەواڵگری عێراقدا راگەیەندرا.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın