Arbil
هەولێر - AA
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێنمایی ژمارە ١٢ و ١٣ی تایبەت بە یاسای چاکسازی خستەبواری جێبەجێکردنەوە و گشتاندنی بۆ هەموو فەرمانگەکانی حکوومەت کردووە بە مەبەستی جێبەجێکردنی.
بەپێی رێنماییەکە هەر پلەیەک بەدەر لەیاسا درابێتە فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە و پلەی شایستە بەخۆی پێ دەدرێت و هیچ خزمەتێکیش بۆ هیچ فەرمانبەرێک هەژمار ناکرێت ئەگەر بەدەر لەیاسا پێشتر بۆی هەژمار کرابێت و دەبێت لە چوارچێوەی یاسای کارپێکراو رێکبخرێنەوە.
رێنماییەکان ئاراستەی هەموو وەزارەتەکانی حکوومەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کراوە و تیایدا هاتووە هەموو دامەزراوەکان پێداچوونەوە و رێکخستنەوە بۆ مووچە و پلە و ناونیشانی هەموو مووچەخۆران بکەن، رێکخستنەوەکانیش بەپێی ساڵی خزمەتی راستەقینە و بڕوانامە و ئەو خزمەتە دەبێت کە بەپێی یاسا بەرکارەکان هەژمارکراوە.
رێکخستنەوەکە هەموو مووچەخۆرانی حکوومەت لەبواری خزمەتی شارستانی و پێشمەرگایەتی و هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ دەگرێتەوە و لەسەر هەموویان جێبەجێ دەکرێت.
رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەروەها فەرمانی پێویستیشی لەبارەی خانەنشینانەوە تێدایە و داواکراوە لەسەر بنەمای شایستەبوونی دارایی و پشتبەستوو بە فۆرمی بایۆمەتری حکوومەتی هەرێم، مافی خانەنشینی هەژمار بکرێت و لەم بارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لێژنەی تایبەت پێکدەهێنت.
رێنماییەکان کە بە واژووی وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ئاوات جەناب نووری بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم رێنماییانە لە رۆژی دەرچوونیانەوە کاری پێدەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمی هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.
------
------