عێراق

لاوانی خۆبەخشی مووسڵ و قەرەقۆش بۆ پێشوازیکردن لە پاپا شەقامەکانی شارەکەیان رازاندەوە

- شەقامەکانی ناوچەی کۆنی شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا و شاری قەرەقۆش بەشێوەیەکی زۆر جوان لەلایەن ژمارەیەک گەنج رازێندراونەتەوە لە چاوەڕوانی پێشوازیکردن لە پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس کە بڕیارە لە حەوتی ئەم مانگە سەردانی هەردوو شارەکە بکات.

Ismael Adnan Yaqoob  | 05.03.2021 - نوێکردنەوە : 06.03.2021
لاوانی خۆبەخشی مووسڵ و قەرەقۆش بۆ پێشوازیکردن لە پاپا شەقامەکانی شارەکەیان رازاندەوە

Ninawa

ھەولێر ــ AA

ژمارەیەک لە گەنجانی ناوچەی کۆنی مووسڵ لە بەشی راستی شارەکە بە مەبەستی پێشوازیکردن لە پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس کە بڕیارە لە حەوتی ئەم مانگە سەردانی شارەکە بکات، شەقامەکانی ناوچەکەیان زۆر جوان رازاندووەتەوە.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی رازاندنەوەی شەقامەکانی ناوچەی کۆنی شاری مووسڵ و شاری قەرەقۆش، گەنجان وێنەی پاپایان لە شەقام و چەند شوێنێکی ناوچەکە ھەڵواسیووە، لەنێواندا بازاڕی باب جیسر، باب سەرای، هەروەها کڵێساکانی ساعە (اللاتین) و تاھیرەی گەورە لە شاری قەرەقۆش.

پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس لە حەوتی ئەم مانگە و لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ شاری قەرەقۆش، کڵێسای تاھیرەی گەورە بەسەر دەکاتەوە.

هەروەها پۆستەر و وێنەی پاپای ڤاتیکان لەسەر شوێنە رووخاوەکان لە دەروازەی کڵێسای تاهیرەی گەورە لە شاری قەرەقۆش ھەڵواسراون.

لەمبارەیەوە چالاکوانی مەدەنی لە شاری مووسڵ، بەندەر عەگیدی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە لەگەڵ ژمارەیەک گەنج لە سەنتەری بەیتونا بۆ رۆشنبیری، ھونەر و کولتوور لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە پاپای ڤاتیکان لە سەردانەکەی بۆ شاری مووسڵ، ئەو ھەڵمەتەیان ئەنجامداوە و گوتی:

"سەردانەکەی پاپا بۆ شاری مووسڵ، سەردانێکی زۆر گرنگە، چونکە رەنگدانەوەی لەسەر ئەوە دەبێت لەوەی پاپا گرنگی بەم شارە دەدات کە مەسیحییەکان بەشێکی دانیشتوانی شارەکە پێکدەھێنن، جگە لەوەیش دەبێتە سەرەتایەک بۆ گەڕانەوەی مەسیحییەکان بۆ شاری مووسڵ و ھەنگاوێکی گرنگ دەبێت لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەی کۆنی مووسڵ".

بەندەر عەگیدی زیاتر لەبارەی ئامانجی ھەڵمەتەکەیان داو و روونیکردەوە کە ھەوڵدەدەن بە ئەنجامدانی ھەڵمەتەکە پەیامی ئارامی بگەیەنن بە پاپا و شاندی یاوەری کاتێک دێنە شاری مووسڵ و گوتی:

"بەدڵنیایییەوە ئێمە خۆشحاڵین بەوەی پاپا سەردانی شارەکەمان دەکات و گرنگی بە تایبەتمەندی شارەکەمان دەدات، بەو پێیەی شاری مووسڵ بەشێکی مەسیحییەکان لەخۆدەگرێت".

لای خۆیەوە سەرۆکی کڵێسای سریانی کاسۆلیک لە شاری مووسڵ، رائید عادل ھەڵمەتەکەی بە کارێکی جوان وەسفکرد و رایگەیاند کە گەنجانی مووسڵ بە رەزاندنەوەی شەقامەکانی ناوچەی کۆنی مووسڵ بۆ پێشوازیکردن لە پاپا، ھەڵمەتێکی زۆر جوانیان ئەنجامداوە.

رائید عادل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھەڵمەتەکە خۆبەخشانە لەلایەن گەنجانی شارەکەمانەوە ئەنجامدراوە کە ئەوەیش پەرۆشی دانیشتوانی شارەکە نیشان دەدات بۆ پێشوازیکردن لە پاپا".

ئەو گوتیشی: "سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس بۆ شاری مووسڵ سەردانێکی بەرھەمدار دەبێت".

سەرۆکی کڵێسای سریانی کاسۆلیک لە شاری مووسڵ، رائید عادل زیاتر لەبارەی سەردانەکەی پاپا بۆ شارەکە داو و گوتی:"ئەم سەردانەی پاپا بۆ شارەکەمان نەک بۆ ئێمەی مەسیحیی، بەڵکو بۆ شارەکە واتادار دەبێت، بەو پێیەی شارەکە بەھۆی شەڕەکانی دژبە داعش وێرانبووە، بەڵام ئەم سەردانە ئومێدبەخش دەبێت لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شارەکە".

رائید عادل باسی لەوەشکرد کە ئامادەکاریی زۆر کراوە بۆ پێشوازیکردن لە پاپا لە سەردانەکەی بۆ شاری مووسڵ و گوتی:

"وەک ئەوەی دەبیندرێت، ناوچەکە بووەتە ناوچەیەکی وێرانکراو، بەڵام ھەماھەنگیی تەواو لەنێوان کڵێسا، ئەنجوومەنی پارێزگا، فەرمانگەکانی دەوڵەت، ھێزە ئەمنییەکان و تیمە خۆبەخشەکان کراوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی زۆر جوان پێشوازی لە پاپا بکرێت لە سەردانەکەی بۆ مووسڵ".

چاوەڕوان دەکرێت پاپا فرەنسیس لە پێنجی ئەم مانگە سەردانێکی مێژوویی بۆ عێراق ئەنجامبدات و لە میانیدا سەردانی ھەرێمی کوردستان و شاری مووسڵ و شاری قەرەقۆش بکات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın