عێراق, هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ٢٠٢١

عێراق.. کاندیدێکی کۆچکردوو لە هەڵبژاردندا ده‌رچووه‌

Sarmand Hameed  | 13.10.2021 - نوێکردنەوە : 18.10.2021
عێراق.. کاندیدێکی کۆچکردوو لە هەڵبژاردندا ده‌رچووه‌

Baghdad

به‌غدا-AA

دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە رۆژی یەکشەممەی راردوو بەڕێوەچوو، ناوی کاندیدێک بەناوی ئەنسام مانوئێل ئەسکەندەر کە مانگی ئابی رابردوو کۆچی دوایی کرد، لەنێو لیستی کاندیدە براوەکانی هەڵبژاردنەکەدا بوو.

بەپێی ئەو داتایانەی کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەانی عێراق لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەنسام مانوئێل ئەسکەندەر، دوو هەزار و ٣٩٧ دەنگی بەدەست هێناوە و لە کۆتای مەسیحییەکاندا بووه‌تە براوەی هەڵبژاردن.

ئەم بابەتە لەنێو هاووڵاتییانی عێراق بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەنگدانەوە و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوه‌ و هەندێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گومانیان خستووەتە سەر پاک و بێگەردیی هەڵبژاردنەکە و ئەنجامەکەی و ئەمەش وای کردووه‌ کە بنەماڵەی ئەو کاندیدە کۆچکردووە لە پەیجەکەی ناوبراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک روونکردنەوەیەک بڵاو بکەنەوە.

لە روونکردنەوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەنسام مانوئێل ئەسکەندەر وەک کەسێکی سەربەخۆ لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و کۆتای مەسیحی خۆی کاندید کردبوو، دواتر لە ٢٤ی ئابی رابردوو دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.

بنەماڵەی ئەنسام مانوئێل ئەسکەندەر هۆکاری دەرچوون و هێنانی ئەو ژمارە دەنگەی ناوبراویان بۆ دوو هۆکار گەڕاندووەتەوە کە یەکەمیان بریتییە لەوەی بەشێک لە دەنگدەران ئاگاداری کۆچی دوایی ئەنسام بوون و وەک رێزگرتن و متمانەیان بە ناوبراو دەنگیان پێداوە و نەیانویستووە دەنگ بە کەس و لایەنی دیکە بدەن و هۆکارەکەی دیکەش ئەوە بووە کە بەشێکی دیکە لە دەنگدەرەکانی ئاگاداری کۆچی دوایی نەبوون و بۆیە دەنگیشیان پێیداوە چونکە خاوەن مێژوویەکی پیشەیی بووە لە کارەکانیدا و هەمیشە کاری مرۆیی کردووە و پشتیوانی لە گەنجان و لاواندا دەکرد.

ئەوەش روونکراوەتەوە کە هەموو ئەوانە کاریگەریی لەسەر گەنجان کردووە و وێڕای ئەوەی کە هیچ بانگەشەیەکی نەبووە و هیچ وێنەیەکیشی لە شەقامەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاونەبوونەوە، بەڵام توانیویەتی دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت و سەربکەوێت.

ئاماژە بەوەشدراوە کە ئەنسام مانوئێل ئەسکەندەر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨دا لەنێو لیستی هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، حەیدەر عەبادی خۆی کاندید کردبوو، بەڵام ئەو کات نەیتوانی سەربکەوێت.

تا ئێستا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هیچ روونکردنەوەیەکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ دیاریکردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، کە بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان، پێنج کورسی بۆ کۆتای مەسیحی دیاریی کراوە و کاندیدانی کۆتای پێکهاتەکان دەتوانن لەسەر ئاستی عێراق خۆیان کاندید بکەن جیاواز لە کاندیدانی دیکە کە تەنها لە یەک بازنەی هەڵبژاردندا دەنگدەر دەیتوانی دەنگیان پێ بدات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن