خولی سێیەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بە کۆتاھات
ـ خولی سێیەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بە دابەشکردنی خەڵاتی سنەوبەری ئاڵتوونی بە کۆتا ھات و ١٤ خەڵاتی سنەوبەری ئاڵتوونی بەخشرایە براوەکانی فێستیڤاڵ.
As Sulaymaniyah
رێوڕەسمی کۆتاییھاتنی خولی سێیەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی و دابەشکردنی خەڵاتی سنەوبەری ئاڵتوونی، ئەمشەو لە ھۆڵی تەلاری ھونەر لە شاری سلێمانی بە بەشداری بەرپرسان و میوانانی فێستیڤاڵ بەڕێوەچوو.
لە ماوەی حەوت رۆژی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵدا ١٢٢ فیلمی جۆراوجۆر کە لە ٥٢ وڵاتی جیھانەوە بەشدارییان کردبوو نمایش کران و لەماوەی ھەفتەیەکی فێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەکی زۆر بینەر بۆ بینینی ئەو فیلمانە ئامادەی بوون.
سەرەتای رێوڕەسمی کۆتایی فێستیڤاڵەکە بەڕێوڕۆشتنی فیلمسازانی کورتە فیلم و فیلمی دۆکیۆمێنتەری و میوانانی تایبەتی فێستیڤاڵ بەسەر فەرشی سووردا بۆ ناو ھۆڵ دەستی پێکرد، دواتر گوتاری سەرۆک و بەڕێوەبەری ھونەری فێستیڤاڵ و چەند چالاکییەکی ھونەری پێشکەشکران.
لە کۆتاییشدا ناوی سەرکەوتووانی فێستیڤاڵ ئاشکرا کران و خەڵاتی سنەوبەری ئاڵتوونی فێستیڤاڵ بۆ فیلمی درێژ بەخشرایە (باشترین ئەکتەری کوڕ، باشترین ئەکتەری کچ، باشترین دەرھێنەر، باشترین سیناریۆ، باشترین سینەماتۆگرافی، باشترین فیلم) ، ھەروەھا بۆ کورتە فیلمی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی (باشترین فیلم، خەڵاتی دادوەران)، ھەروەھا خەڵاتی سنەوبەری ئاڵتوونی بەخشرایە باشترین فیلمەکانی ئەنیمەیشن، دۆکیۆمێنتەری نێودەوڵەتی و نێوخۆیی.
ئەنجامی سەرکەوتووانی خەڵاتەکانی سنەوبەری ئاڵتوونی بەمشێوەیە بوون:
ـ خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی نێوخۆیی بۆ فیلمی (The Sea Swells).
- خەڵاتی باشترین فیلمی ئەنیمەیشن بۆ فیلمی (her Birthday Night).
- خەڵاتی باشترین کورتە فیلم بۆ فیلمی (Taaval).
- خەڵاتی لیژنەی داوەرانی کورتە فیلمی نێودەوڵەتی بۆ فیلمی (Mothers of Luna).
- خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی نێودەوڵەتی بۆ فیلمی (The Camel Boy).
- خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتەری نێوخۆیی بۆ فیلمی (Dada Saltaneh - دادە سەڵتەنە)
- خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتەری نێودەوڵەتی بۆ فیلمی (٣ Stolen Cameras).
- خەڵاتی لیژنەی دادوەرانی فیلمی درێژ بۆ فیلمی (Shoplifters).
- خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕ لە فیلمی درێژ بۆ نەڤید محەمەدزادە لە فیلمی (No Date no Signature).
- خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ لە فیلمی درێژ بۆ شونا لزیما لە فیلمی (Bad Poetry Tokyo).
- خەڵاتی باشترین سینەماتۆگرافی بۆ ئالێنی دۆپرانتەر لە فیلمی (The Sower).
- خەڵاتی باشترین سیناریۆ بۆ فیلمی (The Interpreter - مارک لیسکا)
- خەڵاتی باشترین دەرھێنەری فیلمی درێژ بۆ مەجید مەجیدی.
- خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵ بۆ فیلمی (٣ Faces) لە دەرھێنانی جەعفەری پەناھی.
سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن کۆمپانیای مەستی فیلم بە پشتیوانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و ژمارەیەک کۆمپانیا و کەسایەتی بەڕێوەچوو.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن