سياسەت, عێراق

جوان رۆژبەیانی: "ئەگەر عێراق بۆ هەڵبژاردن فرەبازنە بێت کورد لە کەرکوک دوو کورسی بەدەست دەهێنێت"

- سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەلە پەرلەمانی کوردستان، جوان رۆژبەیانی: "بەپێی پاشکۆی یاسای هەڵبژاردنەکان کە هێشتا پەسەند نەکراوە، قەزا و ناحیەکانیش دەبنە بازنەی هەڵبژاردن، بەمەش دەنگێکی زۆری کورد دەفەوتێت بەتایبەت لە ناوچە دابڕاوەکان".

Hawkar Yaseen  | 16.09.2020 - نوێکردنەوە : 18.09.2020
جوان رۆژبەیانی: "ئەگەر عێراق بۆ هەڵبژاردن فرەبازنە بێت کورد لە کەرکوک دوو کورسی بەدەست دەهێنێت"

Arbil

هەولێر - AA

هێشتا ئەو پاشکۆیەی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە تایبەتە بە بازنەکانی هەڵبژاردن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر نەدراوە، بەڵام ئەوەی کە تیایدا نووسراوە بەدڵی کورد نییە و هەوڵی گۆڕینی دەدەن.

بەپێی پاشکۆکە و ئەو پێشنازانەش کە لایەنە عێراقییەکان کردوویانە، عێراق دەکرێتە فرەبازنە و هەر ناوچەیەک ژمارەی دانیشتوانی بگاتە 100 هەزار کەس دەکرێتە بازنەیەکی هەڵبژاردن، ئەمە کورد لێی نیگەرانە و مەترسی لەدەستدانی کورسییەکانی لێ دەکات بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانیيەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، جوان رۆژبەیانی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "پاشکۆی ئەو یاسایە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشنیازی زۆر کراوە لەسەر چۆنییەتی هەڵبژاردنەکان و بازنەکانی هەڵبژاردن، ئەو پێشنیازانەی تا ئێستا کراون هەمووی بە زەرەری کورد دەشکێتەوە لەو ناوچانە، پێشنیازەکان هیچیان قابیلی قبوڵکردن نییە بە نیسبەت کوردەوە، ئەگەر بەو شێوەیە بڕوات کورد کورسی زۆر زۆر کەم دەهێنێت".

جوان رۆژبەیانی گوتی: "ئێمە لەسەر خەتین هەم لەگەڵ دەزگای هەڵبژاردنی حزبەکان هەم لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەم لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق کە کوردە، ئێمە قبوڵمان نییە بەهیچ شێوەیەک پاشکۆی ئەو یاسایە بەو شێوەیە بڕوات و دەنگی لەسەر بدرێت، دەمانەوێت هەر هیچ نەبێت هەر پارێزگایە و بازنەیەکی بۆ دابنرێت بۆیە لە گفتوگۆداین لەسەر ئەو بابەتە و دەمانەوێت بەو شێوەیە بێت کە مافی کورد نەفەوتێت لەو ناوچانە".

سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانیيەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند "بەپێی ئەو پێشنیازانەی تا ئێستا کراوە قەزا و ناحیەکانیش کراوە بە بازنەی هەڵبژاردن ئەگەر بەو شێوەیەبێت دەنگی کورد زۆر دەفەوتێت و ژمارەی کورسییەکانی زۆر کەم دەبێت، بۆیە ئێمە داوامان کردووە، لانیکەم هەر پارێزگایە و بکرێتە بازنەیەکی هەڵبژاردن".

جوان رۆژبەیانی دەربارەی ئەو ناوچانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە گوتی: "ناوچەی شنگال کە سەربە پارێزگای نەینەوایە مەترسی زۆری لەسەرە چونکە ئەوەی ئێستا هەیە هاووڵاتی هەر تیا نەماوە، پارێزگای کەرکووک مەترسییەکی زۆری لەسەرە بەهەمان شێوە، ناوچەکانی دیکەش کە هێشتا دۆخیان ئاسایی نەکراوەتەوە جگە لەوەی هێشتا دۆخی ئاوارەکان یەکلا نەکراوەتەوە و ئەوەش بابەتێکی دیکەیە".

سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانیيەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، جوان رۆژبەیانی گوتیشی: "ئەگەر ئەو پێشنیازانەی ئەوان کردوویانە لەو یاسایە جێگیربکرێت کورد کورسی زۆر لەدەستدەدات، کورسی زۆر دیاریکراو بۆ کورد دادەنرێت وایلێدێت لە پارێزگایەک کورد شەڕ لەسەر دوو بۆ سێ کورسی بکات، ئەگەر بەو جۆرە بڕوات بەپێی خەمڵاندنی خۆم لەوانەیە کورد لە کەرکووک لە دوو کورسی زیاتر نەبات، ئینجا بۆ پارێزگایەکی گەورە ئەی لە پارێزگا و ناوچەیەکی بچووکتر دەبێت چەند کورسی بەر بکەوێت".

جوان رۆژبەیانی دەربارەی پەیوەندی هێزە سیاسییە کوردییەکانیش گوتی: "یەکڕیزی کورد لە هەموو کاتێکدا گرنگە لەو ناوچانە، یەکدەنگی کورد بەهێزی پێگەی کورد پیشاندەدات، وای لێ دەکات کە زیاتر قورسایی هەبێت و حسابی بۆ بکرێت، لە ئاستی گشتیشدا وادەکات کە ئەو پێشنیازانە نەسەپێندرێت بەسەریدا و ئەوەی کورد دەیەوێت ئەوە جێگیر بکرێت لە یاساکەدا".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın