جيهان

ئەمریکا بەرهەڵستی بڕیارێکی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی کرد سەبارەت بە فەڵەستین

- وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن: ''بەدڵنیایییەوە ئەمریکا دژی بڕیارەکەیە و بەهۆی ئەو بڕیارەوە لە نائومێدیەکی قوڵدایە".

Hakan Çopur  | 04.03.2021 - نوێکردنەوە : 11.03.2021
ئەمریکا بەرهەڵستی بڕیارێکی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی کرد سەبارەت بە فەڵەستین

Washington DC

واشنتۆن - AA

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن دژایەتی بۆ بڕیاری دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی راگەیاند بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی کە لەسەر خاکی داگیرکراوی فەڵەستین ئەنجامدراون.

ئەنتۆنی بلینکن راگەیەندراوێکی سەبارەت بەو لێکۆڵینەوەیە بڵاوکردەوە کە دوێنێ دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی کردیەوە و ئاماژەی بەوەکرد ئەوان بڕیارەکە قبوڵ ناکەن.

لە راگەیەندراوەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە ''بەدڵنیایییەوە ئەمریکا دژی بڕیارەکەیە و بەهۆی ئەو بڕیارەوە لە نائومێدیەکی قوڵدایە. دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی هیچ دەسەڵاتێکی لەو بابەتەدا (لیكۆڵینەوە لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ) نییە. ئیسرائیل ئەندام نییە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی و رازی نییە بە دەسەڵاتی دادگاکە''.

ئەنتۆنی بلینکن هەروەها باسی لەوە کردووە کە فەڵەستین شیاوی بوون بە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری نییە و لەبەرئەوە نەبووەتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی، بەو هۆیەوە بڕیارەکەی دادگا قبوڵ نەکراوە.

سەرۆکی داواکاری گشتیی، فاتۆو بینسۆودا رایگەیاندبوو کە دوێنێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لەبارەی ئەو تاوانانەی جەنگ کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت لە قودسی خۆرهەڵات، کەنار خۆرئاوای داگیرکراو و کەرتی غەززەی گەمارۆدراو ئەنجامدراون.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا، بڕیاریداوە بە کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بەرایی لەبارەی ئەو تاوانانەی جەنگ کە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون.

فاتۆو بینسۆودا باسی لەوەیشکرد کە فەڵەستین لە دووی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا رێککەوتنی رۆمای واژوو کردووە کە سەرچاوەی دامەزراندنی دادگاکەیە و لە یەکی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا ئەو لێکۆڵینەوە بەراییە پێشکەش بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کراوە، لێکۆڵینەوەکەش لەسەر ئەو بەیاننامەیەی کە لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠١٤ەوە دەسەڵاتی دادگا لەبارەی تاوانەکانی سەر خاکی فەڵەستین پەسەندکردووە، کراوەتەوە.

سەرۆکی داواکاری گشتیی، فاتۆو بینسۆدە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل ئەندام نییە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتییدا، داواشی لە دادوەران کرد بۆ کردنەوەی لێکۆڵینەوەکە چوارچێوەی جوگرافیایی لێکۆڵینەوەکە دیاری بکەن.

کارگێڕی پلە یەکی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی لە پێنجی شوباتی ٢٠٢١دا، بڕیارێکی دەرکرد و تیایدا باسی لەوە کرد کە دادگاکە دەسەڵاتی دادگاییکردنی هەیە بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی کە لە کەرتی غەززە، کەناری خۆرئاوا، قودسی خۆرهەڵات و شوێنەکانی دیکەی فەڵەستین ئەنجامدراوە و حوکمی ئەوەی دابوو کە فەڵەستین ئەندامە لە دادگاکەدا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın