جيهان

ئیدلب..خۆپیشاندانی کارمەندانی کەرتی تەندروستی بەرامبەر ھێرشەکانی رژێمی ئەسەد

کارمەندانی تەندروستی پارێزگای ئیدلب-ی سووریا کە بە ناوچەی "کەمکردنەوەی بارگرژی" دانراوە، خۆپیشاندانیان لە دژی ھێرشی ئاسمانی رژێمی ئەسەد و لایەنگرانی، بۆ سەر نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان کرد.

Abdullah Shukur  | 16.09.2018 - نوێکردنەوە : 17.09.2018
ئیدلب..خۆپیشاندانی کارمەندانی کەرتی تەندروستی بەرامبەر ھێرشەکانی رژێمی ئەسەد

İdlib
ئیدلب - AA

کارمەندانی تەندروستی پارێزگای ئیدلب-ی سووریا کە بە ناوچەی "کەمکردنەوەی بارگرژی" دانراوە، خۆپیشاندانیان لە دژی ھێرشی ئاسمانی رژێمی ئەسەد و لایەنگرانی، بۆ سەر نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان کرد.

پزیشکان لە پێش ناوەندی تەندروستی شاری ئیدلب و نەخۆشخانەی عەتمای ھێڵی سنووری نێوان سووریا و تورکیا کۆبوونەوە.

لانیكه‌م ٥٠٠ پزیشک، یاریدەرەی پزیشک و شوفێری ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری لە ناوەندی شاری ئیدلب و ناوچەی حەرێم و ناوچەکانی دیکە کۆبوونەوە.

خۆپیشاندەران چەندین لافیتەی جیاوازیان ھەڵگرتبوو کە بە زمانەکانی رووسی، عەرەبی و ئینگلیزی لەسەریان نووسرابوو "تیمەکانی تەندروستی ئامانج نین" ، "ئامانجی فڕۆکەکانی ئێوە ئێمە نین"، " تیرۆریست پزیشکەکان دەکوژێت و نەخۆشخانەکان دەڕوخێنێت".

پزیشکێکی نەخۆشخانەی "Hand And Hand" بە ناوی مونا خەتاب کە بەشداری لە خۆپیشاندانەکە کردبوو بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە کارمەندانی کەرتی تەندروستی ئەرکێکی زۆر گرنگ ئەنجام دەدەن. گوتیشی: "ئێمە تیرۆریست نین، ئێمە سڤیلین. تەنھا پزیشکەکان لە ناوچەکەدا کار دەکەن، تیرۆریستان لێرە نین".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی عەتمە، موھیب قەددور رایگەیاند: "نابێت ئێمە ببینە ئامانجی فڕۆکەکان. ئەو کارمەندانەی ئێرە ئەو کەسانە نین کە وڵاتی خۆیان جێھێشتبێت و روویان کردبێتە دەرەوەی وڵات. ئەمانە لە پێناو ئەو ئامانجەی باوەڕی پێ دەکەن، لێرە ماونەتەوە و دەیانەوێت ھاوکاری خەڵکی بکەن".

گوتیشی: "ئەوەی تیرۆریستە ئەو کەسانەیە کە بە بۆمبی بەرمیلی و چەکی کیمیایی ھێرش دەکەنە سەر خەڵکی سڤیل. پزیشکان سیمبولی شۆِرشن. ئێمە بەشێکین لە کەرتی تەندروستی نێودەوڵەتی. ھەمان پەرتوک و سیستەممان خوێندووە. ھەر بۆیە پاراستنی ئێمە ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە".

لەلایەکی دیکەش، ئیبراھیم تیلاس کە پزیشکێکی بەشداربووی خۆپیشاندانەکەیە داوای راگرتنی بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانەکان و ھێرشە ئاسمانییەکانی کرد.

رژێمی ئەسەد و فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لە سەرەتای ئەم مانگەدا نەخۆشخانەیەکی ژێرزەمینی گوندی خاس و نەخۆشخانەیەکی شارەدێی لاتامن-یان لە چۆلاییەکانی حەما کربووە ئامانج.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın