هونەر و كلتوور, archive

یادی كۆچی دوایی یه‌كه‌م سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ بیره‌وه‌ی ساڵیادی كۆچی دوایی یه‌كه‌م سه‌رۆكی په‌رله‌مان، پێشانگایه‌كی فۆتۆگرافی كرایه‌وه‌.

21.04.2015
یادی كۆچی دوایی یه‌كه‌م سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

هه‌ولێر

 

بەبۆنەی ساڵرۆژی كۆچی دوای جەوهەر نامیق سالم یەكەم سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە خولی یەكەم، پەرلەمانی كوردستان وەك رێزلێنان پێشانگایەكی فۆتۆگرافی بۆ وێنەكانی سەرۆكی كۆچكردووی پەرلەمان، لە تەلاری پەرلەمانی كوردستان كردەوە.

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، یوسف محەمەد رایگەیاند: "دەتوانم بڵێم كاك جەوهەر دامەزرێنەری پەرلەمانی كوردستان بووە، چونكە هەر لەسەرەتاوە توانی بەشێوازێكی زۆر باش كارەكانی پەرلەمانی كوردستان رای بكات".

 باسی لەوەشكرد "خەڵكی كوردستان شایەتی ئەوەن كە جەوهەر نامیق وەكو یەكەم سەرۆكی پەرلەمان لەكاتی شەڕی نێوخۆ لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێك لەدژی شەڕ لە پەرلەمان مانەوە، بۆیە هەمیشە ئەم بەڕێزە لەریزی چارەسەركردنی كێشەكانی كورد و جێبەجێكردنی یاساكان بووە لە كوردستان".

هەروەها سەرۆكی پەرلەمان، گوتیشی: "یادگاری خۆشم لەگەڵ كاك جەوهەر هەیە لە بەدواداچوونی یاساكان و جێبەجێكردنیان لە نووسینەكانی خۆمدا باسمكردوون".

لەو پێشانگایە شەست وێنەی جۆراوجۆر نمایشكرا، جێگری سەرۆكی پەرلەمان جەعفەر ئیبراهیم و سكرتێری پەرلەمان فەخرەدین قادر و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ئامادە بوون.

وێنەگر لە راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان، كە گشت وێنەكانی جەوهەر نامیقی گرتووە، مەحموود محەمەد هەولێری گوتی: "هەموو وێنەكان لە سەرەتای بوونی بەڕێز جەوهەر نامیق بە سەرۆكی پەرلەمان و تا رۆژی كۆچی دوایی گیراون".

لە پەرلەمانی كوردستان، هیچ هۆڵێك بەرچاو ناكەویت بۆ ئەوەی وێنەی ئەرشیفكراوی تێدا نمایش بكرێت.

مەحموود هەولێری دەڵێت: "وێنەكان هەموویانم پاراستووە، ئەو وێنانەش ئێستاش دەیگرم ئەوانیش لە شوێنێكی گونجاو دەپارێزم".

جەوهەر نامیق سالم لە ساڵی‌ 1946 لەناوچەی بەرلوتی سەر بەقەزای كەلار لەدایكبووە، لەساڵی 1992 سەرۆكی یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستان بووە تا ساڵی 1998. لە تەمەنی‌ 65 ساڵیدا لە نەخۆشخانەی‌ هۆدینگا لە‌ سوید بە نەخۆشی‌ لەشەوی‌ 22-21ی‌ ئازاری‌‌ 2011 كۆچی‌ دوایكرد.  

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın