سياسەت, عێراق

دلاوەر عەلائەدین: "یەکێک لە فاکتەرە ھەرە سەرەکییەکانی کێشەی عێراق بێ سەرکردەییە"

سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە "مێری" د.دلاوەر عەلائەدین: "تا ئێستا ھێزەکانی حکومڕان لە عێراق وەکو ئوپۆزسیۆنێکی کۆن و وەکو خەڵکانی کورت بینین ئیدارەی دەوڵەتیان داوە".

Abdulhameed Husseın Karam   | 21.06.2022
دلاوەر عەلائەدین: "یەکێک لە فاکتەرە ھەرە سەرەکییەکانی کێشەی عێراق بێ سەرکردەییە"

Arbil

ھەولێر - AA

دوای کشانەوەی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەئێستادا ھەموو چاوەکان لەسەر لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگییە کە گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە تایبەت بە پێکھێنانی حکوومەتی نوێ چڕ کردووتەوە.

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی لە عێراق پێیانوایە کە کشانەوەی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەران، کۆتایی بنبەستی سیاسیە لە عێراق و بەشێکی دیکەشیان بە پێچەوانەوە دەڵێین سەرەتایەکی نوێیە لە سەرھەڵدانی ناکۆکییەکان و ئەگەر ھەیە موقتەدا سەدر بگەڕێتەوە بۆ جەماوەر و شەقام وەک فشار دژبە نەیارانی بجوڵێنێت.

سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە "مێری" د.دلاوەر عەلائەدین لە ھەڤپەیڤینێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسە لەسەر کشانەوەی سەدرییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و پێی وایە، سەدر لەبەردەم دوو ئەگەری یان توانای پێکھێنانی حکوومەت و یان سازش، رێگەی سێیەم، ئەویش کشانەوە لە ئەنجوومەنی سیاسی ھەڵبژارد. د. عەلائەدین رەخنەش لە ئەدای سیاسی ھێزەکانی عێراقی دەگرێت و دەڵێت، "تا ئێستا ھێزەکانی حکومڕان لە عێراق وەکو ئوپۆزسیۆنێکی کۆن و وەکو خەڵکانی کورت بینین ئیدارەی دەوڵەتیان داوە".

لەسەرەتای دیمانەکەدا سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە "مێری"، قسەی لەسەر دوا پەرەسەندنەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق کرد و دەڵێت، "کشانەوەی سەدرییەکان لەئەنجامی کۆمەلێک شکست و سەرنەکەووتن بوو لەو ھەوڵانەی کە رەوتی سەدر بۆ پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینە خستبووەیەگەڕ، بەڵام ھەوڵەکانی سەرکەوتوو نەبوون و لە کۆتاییدا گەیشتن بە بنبەست و خۆی گەیشتە کەنارێک کە چارەسەری بەدەستەوە نەما ھەتا کشایەوە. دەکرا نەکشێتەوە، بەڵام بە نەکشانەوەی دەبووا برێک سازش بکات ئیتر ئەوە بریاری ئەوان بوو کە بکشێنەوە".

گوتیشی: "موقتەدا سەدر، پەرلەمان و سیستەمی سیاسیی عێراقی خستە بەردەم دوو ئەگەرەوە: یا ئەوەتا ئەو دەرفەتە زێرینە بدرێت بە چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ ئەوەی حکوومەت پێکبھێنن بە ھاوکاری پێکھاتەکانی کورد و سوننە؛ و یان چوارجێوەی ھەماھەنگیش بگاتە ئەو قەناغەتە کە ئەو جۆرە حکوومەتەش سەرناکەوێت بە بێ تەواوی شیعەکان بە سەدرییەکانیشەوە".

د.دلاوەر عەلائەدین دەشڵێت: "لە ئێستادا ئەو ئەندام پەرلەمانە نوێیانەی کە دەچنە پەرلەمان بەشێکی زۆریان لە چوارچێوەی ھەماھەنگین بەشێکیان بێلایەن و لە خەڵکی دیکەن، بۆیە نەخشەی پەرلەمانی بە تەواوی دەگۆرێت و چوارچێوەی ھەماھەنگی باڵادەستەکە دەبێت. لەوە ناچێت (چوارچێوەی ھەماھەنگی) ئەو دەرفەتە لە دەستی خۆیان بدەن، بۆیە بنبەستە سیاسیەکە بەرەو نەمان دەچێت و پێشڤەچوونێک روودەدات لە پڕۆسەی سیاسییدا. ئەو بنبەستەی کە لە ئەنجامی سیاسەتی سەدرییەکان دروست بوو بۆ رێگرتن لەو ھاپەیمانێتیەی کە دروستیان کرد، ئەو شێوە بنبەستە لەبەردەم چوارچێوەی ھەماھەنگیدا نابێ، بەڵام لێرە مانای ئەوە نییە رەوتەکانی داھاتوو ئاراستەیان بێ تەگەرە و کێشە و قەیران دەبن. ئێمە دەبێت سەیری کورت مەودا و و درێژمەودا بکەین. لە کورت مەودا دا، لەوە دەچێت ئەو بنبەستەی رابردوو نەمێنێت، چونکە ھیچ رێگریەک نییە لەوەی کە حزبەکانی دیکەی کە لە پەرلەمان ماون حکوومەت دروست نەکەن. ئەو حکوومەتەی کە دروست دەکرێت حکوومەتێکی کاراتر دەبێت، بوودجەی لەبەر دەستدا دەبێت و توانای بریاری دەبێت و وەکو حکوومەتی کاربەڕێکەر نابێت، بەڵام لە درێژمەودا دا ئەو ھێزە ئوپۆزسیۆنەی کە لە شەقامدا دروست دەبێت کە رەنگە رەوتی سەدر سەرکردایەتیی بکات، کێشە و بەربەست دروست دەکات، رەنگە بنبەستیش بێتە پێش، بەڵام ئەوە جیاواز دەبێت لەو بنبەستەی کە تا ئێستا لەو چەند مانگەی رابردوودا، دووچاری بووینەتەوە".

بە بڕوای ئەو توێژەرە سیاسییە، "لە ئێستادا ھێچ بەربەستێک نییە لە بەرانبەر چوارچێوەی ھەماھەنگی ئەگەر بە زیرەکانە گفتوگۆیەکی چروپڕ بکەن، بتوانن پێکھاتەی سوننە و کورد و ھەندێ لایەنی دیکەی شیعەش کە لە دەرەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی دان، رازی بکەن، ھێچ رێگرییەک نییە کە ئەوان نەتوانن حکوومەت دروست بکەن. دەشیانەوێت دروستی بکەن و لەو باوەڕەدام دروستیش دەکەن".

گوتیشی: "گەر سەیری ١٩ساڵی رابردوو یان ئەو چەند خولەی پەرلەمانی عێراقی بکەین سەدرییەکان لە ھەموویاندا بەشدار بوونە و ئامادەبوونێکی بەھێزیشیان ھەبووە. ئەوە یەکەمجارە کە پەرلەمانی عێراقی رەوتی سەدری تێدا نەبێت کە نوێنەرانی ئەو بەشە گرنگەی شیعەنە. کشانەوە لە پەرلەمان شتێکی نوێ و نامۆیە، ئەگەری ئەوەی ھەیە کە ئەوان شەقام بجۆلێنن یان تەواوی پڕۆسەی سیاسی رەت بکەنەوە و پێشیان دەکرێت، بەڵام ئەگەر ئەوان پڕۆسەی سیاسی رەت بکەنەوە، مانای ئەوەیە لە دەرەوەی سیستەمی حکومڕانی رادەوەستن و داوای گۆرانکاری بنەڕەتی دەکەن لە شێوازی حوکمڕانی، واتە لەوانەیە ئەو سیستەمە پەرلەمانیەی ئێستا ھەیە رەتی بکەنەوە . ئەگەریش ھەیە کشانەوەکە کارێکی پۆپۆلیستی بێت و سەدڕ دڵنیایە لەوەی کە ئەو حکوومەتەی داھاتوو ھەر کەسێک دروستی بکات سەر ناگرێت و لە ئەنجامدا ھەڵبژاردنیش ھەر دەبێتەوە، بەڵام ئەو جارەیان بە دەنگێکی زیاترەوە دێتەوە. لە ئەنجامی ئەو ئەگەری دوواییان مانای ئەو لەناو پڕۆسەی سیاسیی و سیستەمە حکومڕانییەکەی ئێستادا دەمێنێتەوە و ھەرھەمان دامەزراوەکانی حکومڕانی بەکار دھێنێتەوە. مانای ئەوەیە ئەوجارەیان لە ھەڵبژاردن و چوونە ناو پەرلەمان بەشدار دەبن بۆ ئەوەی خۆیان فەرز بکەن و حکوومەتی زۆرینە دروست بکەن بەبێ نەیارەکانیان. بەڵام ئەگەر ئەوەشی رەت کردەوە و نیەتی ئەوەی نەبێت کە بەشداری لە ھەڵبژاردن بکات، تەنھا کار بۆ ئەوە بکات شەقام بجۆلێنی، رەنگە ئەوە رەتکردنەوەی تەواوی پڕۆسەی سیاسی بێت".

- "یەکێک لە فاکتەرە ھەرە سەرەکییەکانی کێشەی عێراق بێ سەرکردەییە"

سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە "مێری" د.دلاوەر عەلائەدین لە روانگەیەکی قوڵترەوە دەڕوانێتە کێشەکانی سیاسی لە عێراق و دەڵێت: "کێشەی ئەمڕۆی سیاسی لە عێراق، بێجگە لە پرسی زەمینەی دەستێوەردانی دەرەکی و شێوازی دروستبوونی ھێزە سیاسیەکان، ئێمە چەند پێکھاتەیەکی گرنگمان ھەیە لە عێراق بە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکانەوە ئەگەر سەیری بکەیت ھەمووی لێکترازاوە، چەکدارە و لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بڕیار دەدات. یەکێک لە ئەساسەکانی کایەی عێراقی ئەوەیە سەرچاوەی بریاردانی سەرەکی نەچووتە ناو دامەزراوەکانی حکوومی، بەتایبەتیش پەرلەمان تا دەگاتە دامەزراوەکانی جێبەجێکردن (حکوومەت) و ھەروەھا دامەزراوەی دادوەریی. ئەوانە ھیچیان بای ئەوەندە بەھێز نەکراون بۆ ئەوەی بریار لەوێ بدرێت".

راشیگەیاند "سیستەمێکی لەرزۆکمان ھەیە ھەندێک جار لەبڕی ئەوەی لە رێگای جێبەجێکردنی دەستوورەوە بەھێزی بکەین و ببێت بە دەوڵەتی دامەزراوەیی و دامەزراوەکان بەھێز بکەین و سەرچاوەی ھێز، حکوومەت و پەرلەمان و قەزا بێت کە چی ئەوانە ھەموو لاواز کراون ".

دەشڵێت، "یەکێک لە فاکتەرە ھەرە سەرەکییەکانی کێشەی عێراق بێ سەرکردەییە. رۆڵی سەرکردەی مێژوویی(ئەوانەی وڵات دامەزرێنەرن- father figures) غایبن، ئەوی ھەمانە کۆمەلێک ھێز وکۆمەڵێک سەرکردەمان ھەیە لە ململانێی بەردەوامدان لە ھیچ ساتێکدا لە بیریان ناچێت کە ئەولەویەتیان داوە بە بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی ھێزەکەیان نەک دەوڵەت. ئەگەر بێت و بە روانینێکی بابەتیانەی درێژخایەن بیر بکەنەوە و ئەو عێراقە بە ھی خۆیان بزانن، دەزانن کە چاککردنی عێراق و بەھێزکردنی دەوڵەتی عێراقی لە بەرژەوەندی خۆیاندایە، بەڵام تا ئێستا ھێزەکانی حکومڕان لە عێراق وەکو ئوپۆزسیۆنێکی کۆن و وەکو خەڵکانی کورت بینین ئیدارەی دەوڵەتیان داوە".

دکتۆر دلاوەر دەشڵێت، "ئێستاش دەرفەتی ئەوە لەبەردەستدایە و ئێمە تاخیر نین، بەوەی کە عێراق بکەوێتە سەر ئەو رێچکەیە، بەڵام بەوشێوەیەی ململانێی ھێز و ململانێی دەسەڵات دەکرێت لە بەغدا، بە شێوەیەک کە ھێزی ناحکوومی توانای بنکۆل کردنی ھێزی حکوومی ھەیە و بەوشێوەیەی گەندەلی بەربڵاوە و یاسا سەروەر نییە، ھەموو دامەزراوەکان بە سیاسەت کراون. بەو واتایەیە کە عێراق وەکو دەوڵەت لاواز کراوە ھێشتا ئەو سەروەرییەی بەدەست نەکەوتووە کە بچێتە سەر ئەو رێچکەیەی کە دەستوور بۆی داناوە. کەواتە ئێمە کێشەی سەروەری یاسا و سەروەریی بوونی عێراقیشمان ھەیە، ھەروەھا کێشەی جێبەجێکردنی ھەموو ئەو برگە ئەساسیانەی دەستوورمان ھەیە کە بۆ ئەوە دانراون ھەتا عێراق ببێتە دەوڵەتێکی دیموکراسی بەھێز، بەڵام ھێشتا لەوە ناچێت ڤیژنی سەرکرایەتیی عێراقییەکان یا رەفتاری سیاسیە عێراقییەکان لەوە بچێت بچنە سەر ئەو نەخشە رێگا درێژخایەنەی کە دەستوور دیاری کردووە" .

سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە "مێری" دەڵێت "کاتێک کە دەوڵەتی عێراقی خۆی لاواز بوو، خۆی بە باشی سەرکردایەتیی نەکرا و نەبوو بە دەوڵەتی دامەزراوەیی و بریاری لای خۆی نەما، ئەمە حکوومەتی لاواز یا زیادە لاواز دێنێتە کایەوە و ھەموو کاتێک موعەرەزە کە تەواوی دەوڵەتانی دەوروپشتی دەستی تێ وەربدەن".

بە بڕوای د. دلاوەر عەلائەدین، "ئێران ھەژموونێکی یەکجار گەورەی ھەیە لەسەر عێراق و دەکرێت بڵێین ھەژموونی یەکەمی ھەیە لە سەر بریاری سیاسی لە عێراق، بەڵام تاکە دەوڵەت و تاکە ھێز نییە کە بریارێکی کاریگەرانەی ھەیە. تورکیا، ئەمریکا، چین، رووسیا و وڵاتە ئەوروپییەکانیش ھەیانە".

دەشڵێت "دەبێت رەخنە لە سەرکردەکانی عێراقی بگرین کە دەبێ لەگەڵ تێپەربوونی کات ئەو سەروەریە بۆ عێراق بگەرێنتەوە، تاکو بتوانێت سنوور بۆ ھەژموونی ئێران و وڵاتانی دیکە دابنێت".

- "ھێزە سیاسیەکنی ھەرێمی کوردستان ناکرێت تەنیا چاودێربن لە بەغدا. دەبێت خۆیان بە خاوەن ماڵ و ھاوبەش بزانن".

ئەرک و ئامانجی کورد وەک پێکھاتەیەک لە عێراقدا و بە تایبەتی چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەو دۆخەی ھاتۆتە پێشەوە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆی ئاژانسی ئانادۆڵو بوو لەگەڵ سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە "مێری"، لەم بارەیەوە د.دلاوەر عەلائەدین گوتی: "پێویستە دیوی کوردی و ھەرێمی کوردستان کەمتر سەیری دواوە بکەن کە کاتی خۆی قوربانی دەسەڵات و ھەژموونی ئەو پایتەختە بەھێزانە بوون، دەبێت کورد سەیری داھاتوو بکات کە خۆی تیادا ھاوبەش و بەشدارە لە بەرێوەبردن و بریاردان لە ھەموو پرۆسەی سیاسی لە عێراق".

د.دلاوەر عەلائەدین زیاتر لەوبارەیەوە گوتی: "لایەنی کوردی دەبێت خۆی لە ناوخۆ ئەوھیندە پتەو و یەکگرتوو بکەن کە بتوانن دەرفەتی گەورە کە ھاتە پێش بیقۆزنەوە و خۆیان لە ھەرەشەکان بپارێزن. وەکو لە عێراق ھەموو ھەڵبژرادنێک دەرفەتێکە وھەروەھا ھەموو گۆرانکاریەک لە نەخشەی سیاسی رۆژھەلاتی ناوەراست بە دەرفەت بزانن".

گوتیشی: "لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو حزبەکانەوە بۆیان ناکرێت تەنیا چاودێربن لە بەغدا دەبێت خۆیان بە خاوەن ماڵ و ھاوبەش بزانن. ئەو رۆڵەی کە جاران ھەیان بوو وەکو مەڵیک دروستکەر بگەرێننەوە و ئامادەییەکی بەھێزیان ھەبێت لە بەغدا لە ئاستی دەسەڵاتی حکومڕانیدا".

ئاماژەی بەوەیش دا کە "کورد ماوەیەکی زۆرە دوورەپەرێز و ناجێگیربوون کە نفوزیان لە بەغدا لاواز بوو، بەڵام ئێستا دەرفەتی گەورە ھاتووەتە پێش بۆ ئەوەی کە دیوی ھەرێم و کورد بریاردەری سەرەکی بن.

سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە "مێری" د.دلاوەر عەلائەدین ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە داھاتوویەکی نزیکدا، پێویستە کورد، بە ھەموو ئەو حزبانەوە کە بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، بەخۆیاندا بچنەوە. پێداچوونەوەیەک بەو چەند مانگەی رابردوو بکەن بزانن کە کێشەی سەرەکی چی و چۆن بووە. ئەوەی ئەمرۆ لە بەغدا دەگۆزەرێت دەرفەت بێت نەک ھەرەشە، ئەو دەرفەتەش بەوەیە کە ئەگەر ھات و حکوومەتێکی نوێ پێکھات دەبێت بەھێزەوە ھەموویان لەوێ بن و کەمتر تەرکیزیان لەسەر ململانێی ناوەکی بێت تەرکیزیان لەسەر وێنە گەورەکە بێت وێنە گەورەکەش وێنەی عێراق و رۆژھەڵاتییەکە بێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن