جيهان, عێراق

"فشاری عێڕاق بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەشێکە لە بانگەشەی هەڵبژاردن"

پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: "ئەوەی ئێستا پێشبینی دەکەین بریتییە لە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، لێکترازانی ناو ماڵی شیعە، پێکدادانی بەرژەوەندی نێوان سووننە و شیعە، ئەوانە کاریگەرییان دەبێت لە ڕووی سەقامگیریی ناوچەکەوە".

Heman Hussein Yaseen  | 12.09.2025 - نوێکردنەوە : 17.09.2025
"فشاری عێڕاق بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەشێکە لە بانگەشەی هەڵبژاردن"

Arbil

هەولێر - AA

ئەگەرچی هیچ ڕێککەوتنێکی نووسراو بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق بڵاونەبووەتەوە بەڵام ئەمریکا بڕیارداوە بە دوو قۆناغ کۆتایی بە ئەرکەکانی لە عێڕاق بهێنێت و قۆناغی یەکەمی لە ساڵی ڕابردوو دەستپێکرد و بڕیارە لە ئەیلوولی ئەمساڵ کۆتایی بێت، هەروەها بڕیارە قۆناغی دووەمیش لە ٢٠٢٦دا کۆتایی بێت.

قۆناغی یەکەم خۆی دەبینێتەوە لە چۆڵکردنی بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، هەروەها بڕیارە لە ساڵی داهاتووشدا قۆناغی دووەم جێبەجێ بکات و سەربازەکانی لە عێڕاق بکشێنێتەوە.

شڕۆڤەکارانی سیاسیی و پسپۆڕانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە فشاری عێڕاق بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق بەشێکە لە پڕوپاگەندەی ئەو هەڵبژاردنەی کە بڕیارە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، جەختیش لەوە دەکەنەوە کە بەم پڕۆسەیە پێگەی هەرێم لە چوارچێوەی عێڕاقدا بە بەهێز دەکات.

شڕۆڤەکاری سیاسیی کرمانج یونس عوسمان، لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق، دوو جۆرە، یەکێکیان بە پێی ئەو پەیماننامەی ستراتیژییە کە لە نێوان عێڕاق و ئەمریکا واژووکراوە بە مەبەستی ڕاهێنانی سەربازیی و بەرزکردنەوەی ئاستی توانستی سەربازیی عێڕاق، ئەوەی دووەم سەرکردایەتی ئەمریکا لە هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە تایبەتی داعش، بۆیە ئەوەی ئێستا لە عێڕاق دەگوزەرێت بریتییە لە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا، ئەوەش لەسەر داوای عێراق گوایا مەترسی تیرۆر کەمبووەتەوە، بەڵام ئەوەی دیکە کە پەیوەندی بە پەیماننامەی ستراتیژییەوە هەیە، کارایا و چەندین جاریش کۆبوونەوەی لەسەر کراوە و بەردەوامە".

کرمانج یونس عوسمان گوتیشی: "کە باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکەین، ئەوا باس لە کشانەوەی تەواوی هێزەکە ناکەین، بەڵکو تەنیا ئەو هێزانەی کە بەشێکن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە ئەمریکا سەرکردایەتییان دەکات بۆ لەناوبردنی تیرۆر، بەڵام ئەوانەی پەیوەندی بە بابەتی لۆجستی و ڕاوێژکاری سەربازیی هەیە، بە دڵنیاییەوە لە عێڕاق دەمێننەوە".

لەبارەی کاریگەرییەکانی پڕۆسەکە، کرمان عوسمان گوتی: "ئەو فشارەی حکوومەتی عێڕاق لەم پڕۆسەیەدا دەیکات وەک بانگەشەی هەڵبژاردن سەیر دەکرێت چونکە حەزدەکات وەک کارتێکی هەڵبژاردن لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەکاریبهێنێت بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و دواتر سوودی لێ وەربگرێت، لە هەمانکاتدا ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپ گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە هێزەکانیان کەم بکەنەوە بە تایبەت دوای نەمانی مەترسی لە سووریا، چونکە چەندینجار ئیدارەی ئەمریکا بە تایبەت وەزارەتی دەرەوە و پێنتاگۆن ئاماژەیان بەوەدابوو کە هێزەکانییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمبکەنەوە کە عێڕاقیش بەشێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

بە گوتەی ئەو شڕۆڤەکارە سیاسییە، پڕۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان نابێت و ئەوەش دەخاتەڕوو کە سەرچاوەکانی تیرۆر تا ئێستا وشکنەکراون و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە عێڕاق نەیتوانیووە ئاشتەوایی لە نێوان لایەن و پێکهاتە و هاووڵاتییان بە گشتی ڕابگەیەنێت و لەمبارەیەوە گوتی: "هێزەکانی ئەمریکا لەسەر ئاستی هەرێم دەمێننەوە، کاتی خۆی عێڕاق ویستی لە پەرلەمان یاسایەک دەربکات بۆ قەدەغەکردنی هێزی ئەمریکایی و یاساکەیان پێ دەرنەچوو و لە کۆتاییدا کردیانە بڕیار، ئەوکاتە نوێنەری کوردەکان بایکۆتی هۆڵی پەرلەمانییان کرد، تێڕوانینی هەرێم جیاوازە لە عێڕاق، هەرێم ئێستاش لەو تێڕوانیینەیە کە مەترسی لە ناوچەکەدا هەیە و پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پارێزگاری لە هەرێم بکات".

کرمانج عوسمان گوتیشی: "هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق بمێنن یان نەمێنن، بە بەردەوامی هەڕەشەی تیرۆر هەیە چونکە سەرچاوەکانی تیرۆر وشک نەکراوە، حکوومەتی عێراق توانیوویەتی لە ڕووی سەربازییەوە بەسەر تیرۆردا زاڵ بێت بەڵام لە بوارەکانی دیکەدا نەیتوانیووە سەرکەوتووبێت، بۆیە دەتوانین بڵێین عێڕاق سەرکەوتووبووە لە تێکشکانی تیرۆر لە بواری سەربازییدا بەڵام لە بوارەکانی دیکەدا تا ئێستا کارێکی زۆری پێویستە بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتەوایی دەست پێ بکات، بۆیە ئەمریکا هەبێت یان نەبێت، ئەگەر عێراق بە ئاگا نەبێت تیرۆر هەر دەگەڕێتەوە".

لەبارەی ڕۆڵی هەرێم لە پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، کرمانج عوسمان گوتی: "هەرێم توانیوویەتی پەیوەندییەکانی لە چوارچێوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بپارێزێت و، لایەن نەبووە لە هیچ ململانێیەک تەنانەت لە دواشەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل پاڵپشتی هیچ لایەنێکی نەکرد، بۆیە هەرێم تا لەسەر ئەم سیاسەتە هاوسەنگە نێودەوڵەتییە کار بکات ئەوا وەکو کەشتییەکەی نوح پارێزراو دەبێت".

هاوکات پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دکتۆر سەرسام خەلیل پێشبینی گۆڕانکاریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و، دڵنیایی دەدات کە لە چوارچێوەی عێڕاقدا پێگەی هەرێم بەهێزدەبێت و گومانیش دەخاتە بەردەم ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا.

پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دکتۆر سەرسام خەلیل لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، پاشخانێکی مێژوویی هەیە، لە ساڵی ٢٠٠٣دا، کاتێک هێزەکان هاتنە ناو عێڕاق، شەقامی سووننە کاردانەوەی بەرامبەر بەم بابەتە هەبوو، دواتر بەپێی تێپەڕینی کات، گۆڕانکاریی بەسەر هەڵوێست و بەرژەوەندییەکاندا هات تا ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨دا، لەناو شەقامیی عێڕاقییدا، دەنگە ناڕازییەکان بەرامبەر بە هێزە بیانییەکان زیاتر بوون، سەرەنجام لە ئایاری ٢٠٢٠دا، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق بڕیارێک دەرچوو کە هەموو ‌هێزە بیانییەکان بە تایبەتی ئەوانەی کە کاریگەریی نەرێنییان هەیە لە عێڕاق دەربکرێن، لەم چوارچێوەیەشدا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".

سەبارەت بە چۆڵکردنی بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە ئەنباڕ و بنکەی سەربازی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و کاریگەرى و کاردانەوەکان لەمبارەیەوە، دکتۆر سەرسام خەلیل گوتی: "پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت و دڵنیاین لەوەی پێگەی هەرێم لە چوارچێوەی عێڕاق دا بەهێز دەبێت، چونکە ئەمریکا بە چاوێکی جیاواز لە قۆناغەکانی پێشتر سەیری هەرێم دەکات، لەبابەتی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بەو قەبارە گەورەیە، هەروەها پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، هاوکات ئەو قەیرانەی لە عێراق هەبوو، هەرێم توانی ئیدارەی ئەو قەیرانە بکات و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەندێک دەرگای خێر بەرامبەر هەرێم بکرێتەوە".

ئەو پسپۆڕەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بەهۆی ناسەقامگیریی سیاسیی لە عێڕاق، زۆرجار پێشبینییەکان گۆڕانکاریی خێرایان بەسەردا دێت و لەمبارەیەوە گوتی: "بەهۆی ئەوەی عێڕاق خاوەنی سەرەوەرییەکی تەواو نیە، بۆیە زۆرجار پێشبینییەکان و شیکردنەوەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئەوەی ئێستا پێشبینی دەکەین بریتییە لە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، لێکترازانی ناو ماڵی شیعە، پێکدادانی بەرژەوەندی نێوان سووننە و شیعە، ئەوانە کاریگەرییان دەبێت لە ڕووی سەقامگیریی ناوچەکەوە، مەترسی ئەوە هەیە کە ئایا پڕۆسەی سیاسیی لە عێڕاق بەردەوام دەبێت یان نا، ئایا پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت یان نا، ئەمە لە کاتێکی زۆر نزیکدا دەتوانین وەڵامەکەی وەربگرین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın